لەسلێمانی گفتوگۆكان لەسەر ریسایكلینی شار بەردەوامە و كار لەسەر گۆڕینی كاتی پرسە دەكرێت

لەسلێمانی گفتوگۆكان لەسەر ریسایكلینی شار بەردەوامە و كار لەسەر گۆڕینی كاتی پرسە دەكرێت
6 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- گفتوگۆكان لەسەر پرۆژەی ریسایكلین(چارەسەری خۆڵ و خاشاك)ی سلێمانی لەگەڵ كۆمپانیاكان بەردەوامەو ئەگەر هەیە كۆمپانیایەكی فەرەنسی ریسایكلینی سلێمانی وەربگرێت،
بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی و لیژنەی گفتوگۆ لەگەڵ كۆمپانیاكان بۆ ریسایكلینی سلێمانی و نوێنەرانی كۆمپانیای لافارجی فەرەنسی لە كۆبوونەوەیەكدا دواین ئاكامی گفتوگۆی كۆمپانیاٍكەو دەزگاكانی حكومەتیان لەسەر پرۆژەی ریسایكلینی سلێمانی تاوتوێ‌ كرد.

لەكۆبوونەوەكەدا كومپانیای لافارج پلانەكانی خۆی بۆ پرۆژەی ریسایكلینی سلێمانی خستەروو و تەئكیدیان كردەوە كە لەپرۆژەكەدا پێشكەوتووترین تەكنۆلۆژیا لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەراست لە پرۆژەكەی سلێمانیدا بەكاردەهێنن.

لەبەرامبەردا پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند پرۆژەكە بەلای ئێمەوە پرۆژەیەكی ستراتیژی و ئایندەیەو و تا دڵنیا نەبین لە كوالێتی و ناوبانگی كۆمپانیاكەو پشگیری كونسوڵخانەكانیان نەهێنن كارەكەیان پێ نادەین.

پارێزگار وتیشی: ئێمە لە كۆمپانیای لافارج دڵنیان بەڵام بۆ نرخی ریسایكلینی هەر تەنێك لە خاشاك پێویستیمان بە گفتوگۆی زیاترە. داواشی لە كۆمپانیاكەو لیژنەی گفتوگۆ كرد هەڵسەنگاندنی زیاتر بكەن و پرۆپۆزەڵەكان جارێكی تر هەڵَسەنگێننەوە بۆ ئەوەی لەماوەیەكی نزیكدا هەردوو لا بگەنە ئەنجام\" پارێزگار لەبەشێكی تری وتەكانیدا رایگەیاند پارێَزگای سلێمانی كراوە بە چوار زۆن و سەرجەم شارۆچكەكانی پارێزگاكە لەرێگەی چەند كۆمپانیایەكەوە پرۆژەی ریسایكلینیان بۆ دەكرێ.

لەلایەكدیەوە بەهۆی هاوكات بوون و بەریەككەوتنی كاتی پرسەو دەوامی رەسمی فەرمانگەكان و دروست بوونی كێشە بۆ راپەراندنی كاری هاووڵاتیان ، پێشنیاری گۆڕینی كاتی پرسە دەخرێتە بەردەم وەزارەتی ئەوقاف و مامۆستایانی ئاینی.

لەكۆبوونەوەیەكدا كە بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی و لیژنەی باڵای فتوا و سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان، نوێنەری وەزارەتی ئەوقاف و بەرێوەبەری ئەوقافی سلێمانی و نوێنەری قورئان خوێَنانی سلێَََمانی و كەسایەتی ناسراوی سلێمانی مامۆستا جەمال عەبدول تیدا ئامادەبوون، گفتوگۆ كرا لەبارەی كاتەكانی پرسە لەشاری سلێمانی ئەو كێشەو گرفتانەی ئەو كاتە بۆ فەرمانگەكانی حكومەت و هاوتووچۆ و هاووڵاتیانی دروست كردووە.

لە كۆبوونەوەكەدا دووپات كرایەوە پرسە جگەلە لایەنە ئاینیەكەی لایەنێكی كۆمەڵایەتی ئیجابی هەیەو هۆكارێكە بۆ لێك نزیك بوونەوەی هاووڵاتیان و مانەوەی پرسە وەك نەریتێكی كوردەواری بەپێویست زانرا، بەڵام لەهەمان كاتدا تەئكید كرایەوە كە پرسە پێویستی بەرێكخستنێكی نوێ‌ هەیە كەلەگەڵ هەلومەرجی ئەمرۆی شارەكاندا بگونجێت، پارێزگار لەو رووەوە روونی كردەوە كاتی پرسەكان و كاتی دەوامی فەرمانگەكان بەر یەككەوتنێكی زۆریان هەیەو بەو هۆیەوە فەرمانبەران ناتوانن وەك پێویست دەوامی رەسمی خۆیان تەواو بكەو ناچار دەبن لەكاتی دەوامی رەسمیدا سەردانی پرسەكان بكەن ئەمەش بووەتە هۆی گلەی هاووڵاتیان و دروست بوونی كێشە بۆ فەرمانبەران.

لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا مامۆستایانی ئاینی رایانگەیاند هەست دەكرێت زیادەڕەوی زۆر لە پرسەكاندا دەكرێت و زەحمەتی بۆ هاووڵاتیان دروست كردووەو پێوستە ئەو شتە زیاد كراوانەی خزمەت ناكەن لابرێن.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا بریاردرا لێكۆڵینەوەی زیاتر لەسەر بابەتەكە بكرێت و رای سەرجەم لایەنەكان و مامۆستایانی ئاینی و هاووڵاتیان وەربگیرێت، بۆ گۆڕینی كاتی پرسەكان بۆ كاتێكی گونجاوتر لەو رووەشەوە كۆمەڵێك پێشنیار خرایە روو."
Top