دەقی ووتاری سەرۆك وەزیران نێچیرڤان بارزانی لە یه‌كه‌مین كۆنفرانسى ژینگه له هه‌رێمى كوردستان
به‌یانیتان باش، هه‌موو لایه‌كتان به خێر بێن به‌سه‌ر چاو.
به‌خێرهاتنى جه‌نابى وه‌زیرى ژینگه له عیراق ده‌كه‌م كه ئه‌مڕۆ ئه‌ویش له‌گه‌ڵ ئێمه به‌شداره، به‌خێرهاتنێكى گه‌رمى ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها به‌خێرهاتنى نوێنه‌رانى UN ده‌كه‌م كه ئه‌مڕۆ ئه‌وانیش ته‌شریفیان هێناوه، به‌خێرهاتنى كونسول و نوێنه‌رى كونسولخانه بیانییه‌كان له هه‌ولێر ده‌كه‌م، هه‌موو لایه‌كتان به خێر بێن به‌سه‌ر چاو.
خۆشحاڵم ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ئێوه به‌شدارى له چالاكییه‌كى زۆر هه‌ستیار و گرنكدا ده‌كه‌م، كه په‌یوه‌ندییه‌كى كاریگه‌ر و ڕاسته‌وخۆى به ژیان و ته‌ندروستیى ئێستا و نه‌وه‌ى داهاتوومانه‌وه هه‌یه و ئه‌مڕۆ له سه‌رتاسه‌رى جیهاندا بووه‌ته بابه‌تى باس و لێكۆڵینه‌وه‌ى زانستى، ئه‌ویش ژینگه و پاراستنى ژینگه‌یه.
سه‌ره‌تا ده‌بێ ئه‌و ڕاستییه دووپات بكه‌مه‌وه كه ژینگه‌پارێزی به‌رپرسیاریه‌تیه‌كی مرۆڤایه‌تییه. پێش ئه‌وه‌ی ده‌ستكاریی ژینگه‌ی ئه‌و سروشته بكه‌ین و تێكی بده‌ین، ده‌بێ باش بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه و بزانین ئاخۆ ئێمه چیمان هه‌یه بیخه‌ینه شوێنى ئه‌و؟!.
ده‌بێ ئه‌و ڕاستیه‌مان له بیر نه‌چێت كه‌وا به ته‌نیا ناژین، ژینگه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ناخمانه، ژینگه پێناسه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی شارستانیه‌ته و ڕاگرتنی سروشت و ژینگه‌پارێزی به پاكوخاوێنى، ناسنامه‌ی مرۆڤی ژیر و پێشكه‌وتووی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه.
ئێمه وه‌ك حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ده‌بێ ئه‌م بابه‌ته هه‌ستیاره به هه‌ند وه‌ربگرین و ئه‌ركی سه‌رشانی وه‌زاره‌ت و لایه‌نه پهیوهنددارهكانه؛ هۆشیاریی ژینگه‌پارێزی بڵاو بكه‌نه‌وه له‌پێناو ژینگه‌یه‌كی ته‌ندروست و سه‌لامه‌ت بۆ كۆمه‌ڵگا. هه‌روه‌ها كه‌سانی به‌رپرسی ژینگه له‌ناو داموده‌زگا حكوومییه‌كان و دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ڕێكخراوه ناحكوومییه‌كان و مامۆستایان و پیاوانى به‌ڕێزى ئایینى و ڕۆشنبیر و میدیا و دامه‌زراوه كولتوورییه‌كان، ڕۆڵی كارا بگێڕن بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی هۆشیاریی ژینگه‌یی و پاراستنی ژینگه له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه، چونكه سه‌رخستنی ئه‌م هۆشیارییه بنیادنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی ته‌ندروست و كوردستانیكی پاك له ئه‌نجامدا به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
له ئه‌نجامی زۆربوونی ڕێژه‌ی دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن و گازه ژههرهوایهكان له ئاكامى شه‌ڕ و ململانێ له جیهاندا، له ده‌رئه‌نجامی به‌كارهێنانی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و زۆربوونی ڕێژه‌ی ئۆتۆمبیل و كارگه و كارخانه گه‌وره‌كان، گۆى زه‌وى له ژێر مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌دایه، نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ڕێكخراوه نێوه‌ده‌وڵه‌تیه‌كان، ساڵانه جیهان له مه‌ترسیی پیسبوونى ژینگه و گه‌رمبوونى گۆى زه‌وى ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه.
بێگومان هه‌رێمى كوردستانیش له ڕه‌وشێكى وادا بێ ئه‌رك و دوور له مه‌ترسی نیه، بۆیه لێره‌دا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ده‌بێ له‌پاڵ ده‌ركردنی یاسا و دروستكردنی فه‌رمانگه ناحكوومییه‌كان و ده‌سته‌ی ژینگه‌ی هه‌رێم، زیاتر جه‌خت له چۆنیه‌تیی جێبه‌جێكردنی یاسا و ڕاپه‌راندنی ئه‌رك و كاره‌كان بكاته‌وه. ژینگه‌پارێزی ته‌نها به په‌یڕه‌وكردنی یاسا و سیاسه‌تی ژیرانه و ڕێكخستنێكی تۆكمه جێبه‌جێ ده‌كرێت له وو‌ڵاتى ئێمه‌دا، له سه‌رووى همووشیانهوه هۆشیاریى ژینگه‌پارێزى له‌م ووڵاته‌دا.
بایه‌خدانمان به ژینگه له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتووه كه هه‌موومان به یه‌كه‌وه سوودمه‌ند ده‌بین له ژینگه‌یه‌كى پاك و زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بین له ژینگه‌یه‌كى ناته‌ندروست. پرسى ژینگه پرسێكى گشتگیره و په‌یوه‌ست نیه به تاكێك، یان به گرووپێك، یان ناوچه‌یه‌ك، بۆیه ئێمه وه‌ك حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان جه‌خت له‌سه‌ر پاراستن و گه‌شه‌پێدانى ده‌كه‌ینه‌وه.
ده‌سته‌ى ژینگه كار ده‌كات بۆ پاراستن و گه‌شه‌پێدانى ژینگه‌ى هه‌رێمى كوردستان به شێوه‌یه‌ك كه له خزمه‌تى ته‌ندروستیى هاووڵاتیاندا بێت و كار ده‌كات بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى هۆشیاریى ژینگه‌یى و خستنه‌ڕووى پێشنیار بۆ ده‌ركردنى یاسا و ڕێساى تایبه‌ت به پاكڕاگرتنى ژینگه له هه‌رێمى كوردستان.
بێگومان گه‌یاندنى ئه‌م په‌یامه ته‌نها له ئه‌ستۆى حكوومه‌تدا نیه، ئه‌م په‌یامه جێبه‌جێ نابێ ئه‌گه‌ر ته‌واوى پێكهاته‌كانى كوردستان پێكه‌وه به‌شدار نه‌بن، جا چ دامه‌زراوه حكوومیه‌كان بێت، یان كه‌رتى تایبه‌ت، یان هه‌ر تاكێك له كۆمه‌ڵگاى ئێمه‌دا.
یاساى ژینگه كه یه‌كێكه له به‌شه‌كانى یاساى نێوده‌وڵه‌تیى گشتى، بایه‌خ به هه‌موو لایه‌نه‌كانى ژینگه ده‌دات، به گوێره‌ى ئه‌م یاسایه پیسكردنى ئاوى ده‌ریاكان قه‌ده‌غه‌یه، پاراستن و به‌كارهێنانى دروست بۆ سه‌رچاوه زیندووه‌كانى ده‌ریا و پاراستنى به‌رگه‌هه‌وا له پیسبوون و پاراستنى ڕووه‌ك و دارستان و ئاژه‌ڵى كێوى، له بنه‌ماكانى ئه‌م یاسایه‌ن.
له‌مباره‌یه‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و ئاكامه‌ى كه كۆمه‌ڵێك بنه‌ما و پره‌نسیپى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه بۆ ڕێكخستنى چالاكیى ووڵاتان له بوارى نه‌هێشتن و كه‌مكردنه‌وه‌ى زیانه جۆراوجۆره‌كان كه له ئاكامى پێداویستییه‌كانى مرۆڤدا، دێته ئاراوه.
پاراستنى ژینگه چه‌مكێكى به‌ربڵاوه، به‌كارهێنانى په‌یوه‌سته به مرۆڤ، ژینگه‌ى كشتوكاڵ، ژینگه‌ى ته‌ندروستى، ژینگه‌ى سیاسى و ڕ‌ۆشنبیرى، ژینگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى، هه‌موویان په‌یوه‌ستن به مرۆڤه‌وه. مرۆڤ گاریكهریى به‌هێزى له‌سه‌ر گۆڕینى سروشت و پیسكردنى ژینگه هه‌یه.
مرۆڤ له‌وه‌ته‌ى هه‌یه هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانى ژینگه ده‌كات، ساڵ له‌دواى ساڵیش هه‌وڵ ده‌دات ده‌سه‌ڵاتى خۆى زیاتر به‌سه‌ر ژینگه‌دا بسه‌پێنێ، به‌تایبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى زانست و تهكنۆڵۆژیا به‌ره‌وپێشه‌وه چوون. ته‌كنه‌لۆژیا و پێشكه‌وتنى شارستانى، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى لایه‌نى باشی هه‌یه، له هه‌مان كاتدا كاریگه‌ریى خراپیشى له‌سه‌ر ژینگه هه‌بووه، به‌هۆى فڕێدانى پاشماوه‌ى ئه‌تۆمى و كارى كۆمپانیا گه‌وره‌كان، ده‌ریاكان پیس بوون. به‌هۆى به‌كارهێنانى چه‌كى ئه‌تۆمى له ژاپۆن و چه‌كى كیمیایى له كوردستان له ناوه‌ڕاست و كۆتایى سه‌ده‌ى ڕابردوودا، زۆربوونى كارگه و كارخانهى گه‌وره و هۆكاره‌كانى گواستنه‌وه، جگه له‌وه‌ى مرۆڤایه‌تى دووچارى ژینگه‌یه‌كى پیس بۆته‌وه، له هه‌مان كاتدا بۆته هۆى له‌ناوبردنى هه‌زاران مرۆڤ و بڵاوبوونه‌وه‌ى جۆره‌ها نه‌خۆشیى ترسناك.
مرۆڤ له هه‌ر كوێیه‌ك بێ، ده‌بێ به‌شدار بێ له پاراستنى ژینگه، به لۆژیك و عه‌قلانی ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ سروشت و ده‌وروبه‌ر و پاكوخاوێنى بكات. ئاگادارى ئه‌و كاره‌ساتانه بێت كه له ئاكامى پشتگوێخستنى ژینگه و پاكڕانهگرتنى ژینگه، دووچارى مرۆڤایه‌تى ده‌بێته‌وه.
ئێمه له هه‌رێمى كوردستان ده‌بێ له هه‌مووان زیاتر پابه‌ندى پاكڕاگرتنى ژینگه و چۆنیه‌تیى به‌كارهێنانى سه‌رچاوه سروشتیه‌كان و كه‌م به‌كارهێنانى ئاو بین، چونكه هه‌موومان ده‌زانین كه به چه‌ندین پرۆژه‌ى گه‌وره‌وه ماندوو بووین و به تێچوویه‌كى زۆر، توانیومانه ئاوى خواردنه‌وه بۆ هاووڵاتیان دابین بكه‌ین، به‌ڵام تا ئێستاش وه‌كوو پێویست نیه. ژینگه ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌سته به ژیانی مرۆڤ و هه‌موو كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیه‌وه، پاراستنی ژینگه واته پاراستنی ژیانی مرۆڤ.
له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه، زانایان و پسپۆڕانی بواری ژینگه هه‌ستیان كرد كه به‌هۆی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیا و زیادبوونی به‌رهه‌می ده‌ستكرد، پاشماوه و زبڵ و خاشاك به‌ره‌و زیادبوون ده‌چێت، بۆیه پێویسته ژینگه بپارێزرێت. له ساڵی 1921 تا 1991ى سه‌ده‌ی ڕابردوو، ووڵاتانی جیهان به‌مه‌به‌ستی پاكڕاگرتنى ژینگه و دابینكردنی ژینگه‌یه‌كی پاك كه كاریگه‌ریی ئه‌رێنی له‌سه‌ر ته‌ندورستی و ژیانی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگا هه‌بێت، 152 ڕێككه‌وتن و په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تییان ئیمزا كردووه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا زانایان و شاره‌زایانی بواری ژینگه‌پارێزی، تا ئێستا ئه‌و ڕێككه‌وتن و په‌یماننامانه و یاسا و ڕێساكانی تایبه‌ت به پاراستنی ژینگه، له ئاستی پێویستدا نابینن و داوا ده‌كه‌ن كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بایه‌خى زیاتر به ژینگه‌پارێزی بدات له هه‌موو جیهاندا.
له‌به‌ر گرنگیی ئه‌م بواره، ئێمه له هه‌رێمی كوردستان به‌پێی توانا هه‌وڵی جددیمان داوه بۆ پاراستنی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها هه‌میشه پابه‌ندبوونى خۆمان به ڕێككه‌وتن و په‌یماننامه و یاساكانی پاراستنی ژینگه دووپات كردۆته‌وه، ئه‌مڕۆش جارێكی تر دووپاتیان ده‌كه‌ینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ژینگه‌یه‌ك و سروشتی جوان و ڕه‌نگینی كوردستان بپارێزین.
ئێمه له هه‌رێمى كوردستان بڕوامان وایه كه ده‌توانین هه‌م پێشكه‌وتنێكى باش و هه‌م ژینگه‌یه‌كى له‌بارمان هه‌بێت. ئێمه ده‌توانین ژیانى خه‌ڵك باشتر بكه‌ین، له هه‌مان كاتدا ڕێز له جوانیى ژینگه و ده‌وروبه‌ریشمان بگرین. ئێمه ده‌توانین پرۆژه‌كانى وه‌ك ئاو و دروستكردنى ڕێگاوبان ئه‌نجام بده‌ین كه كاریگه‌رى بۆ سه‌ر ژینگه هه‌یه، هه‌روه‌ها ده‌توانین په‌ره به شار و گونده‌كانمان بده‌ین به شێوازێك كه هاوسه‌نگییه‌ك له نێوان گه‌شه‌پێدان و چۆنیه‌تیى هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ سامانى سروشتیماندا، بكه‌ین.
ئه‌گه‌رچى حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵات ڕۆڵى كاریگه‌ریان هه‌یه، به‌ڵام لێره‌وه ده‌مه‌وێ ئاماژه بۆ ئه‌وه بكه‌م كه پێویستیمان به كه‌سانى دیكه‌یه تا به‌رپرسیاریه‌تیى گه‌وره‌ى پاراستنى ژینگه له ئه‌ستۆ بگرن. حكوومه‌ت به‌شى خۆى ئه‌ركه‌كانى جێبه‌جێ ده‌كات، به‌ڵام ناتوانێت له‌گه‌ڵ هه‌موو كه‌سێك، یان خانه‌واده‌یه‌ك لێپێچینه‌وه بكات، به‌ڵكوو ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تیه هى خۆیانه كه ده‌بێ هه‌ڵیبگرن. ده‌بێ هه‌ر تاكێكى كورد، هه‌ر ماڵێكى كورد ده‌رك به‌وه بكات كه مه‌سه‌له‌ى پاراستنى ژینگه ئه‌ركى سه‌رشانى خۆیه‌تى له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه.
به‌ڕێزان با لێره ئاماژه به‌وه بده‌م كه پێم وایه هه‌موومان ده‌زانین له كاتى سه‌یرانه‌كان، له كاتى ده‌رچوون، ئه‌م ژینگه‌یه به چ شێوه‌یه‌ك پیس ده‌كرێت. ئه‌مه به‌رپرسیاریه‌تیه‌كى ئه‌خلاقییه، به‌رپرسیاریه‌تیه‌كى مرۆڤایه‌تییه، به‌رپرسیاریه‌تیه‌كى ئایینییه، كه به ڕاستى ده‌بێ كۆمه‌ڵگه هۆشیار بكرێته‌وه، ئه‌مه به‌رپرسیاریه‌تیه‌كه كه ده‌بێ هه‌ر تاكێكى ئێمه هه‌ست به‌و به‌رپرسیاریه‌تیه بكات و به‌و شێوه‌یه ڕه‌فتار نه‌كرێت. یه‌كێك كه ده‌چێته سه‌یرانێك، ده‌چێته شوێنێك ئه‌و پاشماوه‌یه‌ى له وێ جێى ده‌هێڵێت، ده‌بێ هه‌ڵیبگرێت و فڕێى بداته ناو زبڵدانێك. بۆچى به ده‌ستى خۆمان ئه‌م ژینگه‌یه وا پیس ده‌كه‌ین؟ لێره‌دا پێویست به‌وه ده‌كات مامۆستایانى ئایینى له هه‌موو وتاره‌كانى ڕۆژانى هه‌ینیدا؛ كاریان ووشیاركردنهوهى خه‌ڵك بێت، ده‌بێ كار بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵك زیاتر ووشیار ببێت. باس له‌وه ده‌كرێت بێین بۆ ئه‌م مه‌به‌سته یاسایه‌ك ببه‌ینه په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر كه‌سێك ئه‌و كاره بكات؛ سزا بدرێت!. ده‌ڵێم بۆچى ده‌بێ پێویست به‌وه بكات بۆ هه‌ر شتێك زۆر به كار بێنین. بۆچى هه‌ر تاكێكى ئێمه هه‌ست به‌و به‌رپرسیاریه‌ته نه‌كات و كارى خۆى نه‌كاته ئه‌وه‌ى كه هه‌ر تاكێكى ئێمه؛ ئه‌م ژینگه جوانه‌ى كوردستان بپارێزێت. پێم وایه ئه‌مه له هه‌موو شتێك گرنگتره. ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندن پێویسته له مه‌سه‌له‌ى ووشیاركردنهوهى خه‌ڵكدا ڕۆڵى كاریگه‌رتر ببینن له‌وه‌ى كه تا ئێستا كردوویانه.
هاوكاره‌كانمان له ڕێكخراوه ناحكوومی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان لێره‌ن، ئێمه ئاماده‌ین كاریان له‌گه‌ڵ بكه‌ین بۆ دانانى سیاسه‌ت و ڕێوشوێن و پڕۆژه‌ى باشتر له بوارى ژینگه‌دا. ئێمه ده‌زانین ڕێگایه‌كى دوورمان له پێش ماوه بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ین به ئامانج، ئاماده‌ین كارى زۆر بكه‌ین، ئه‌گه‌ر ئێوه هاوكارمان بن.
ئێمه له هه‌رێمى كوردستان قوربانیى زۆرمان داوه له پێناو گه‌یشتن به خاك و سه‌روه‌ریى خۆمان، ئێمه سوودمه‌ند بووین له‌و سه‌رچاوه سروشتیانه‌ى كه ئه‌مڕۆ له هه‌رێمى كوردستان هه‌مانه. ده‌مانه‌وێ له ئێوه فێر بین كه چۆن به باشترین شێوه پارێزگارى له سه‌رچاوه سروشتییه‌كان بكه‌ین، له‌گه‌ڵ پاراستنى خاك و ژینگه‌مان بۆ نه‌وه‌كانى داهاتوو. ئێمه پێویستیمان به ڕاهێنان و ته‌كنه‌لۆجیا و یارمه‌تیى ده‌ره‌كى هه‌یه، به تایبه‌تى یارمه‌تیى UN له‌م بواره‌دا بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین نه‌وه‌یه‌ك پێبگه‌یه‌نین كه گرنگى به ژینگه بدات و هه‌وڵ و تواناى خۆى به شێوه‌یه‌كى پیشه‌گه‌ریانه بخاته گه‌ڕ، بۆ ئه‌وه‌ى خاك و ژینگه‌مان بۆ نه‌وه‌ى داهاتوو، بپارێزن.
له كۆتاییدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌مه‌وه كه ده‌بێ ده‌سته‌ى ژینگه و لایه‌نه په‌یوه‌ندداره‌كان كار بۆ ئه‌م ئامانجانه بكه‌ن: به‌ڕێوه‌بردنێكی هه‌ستیارانه‌ی پاشماوه‌كان و كه‌ره‌سته‌ی مه‌ترسیدار و مادده كیمیاییه‌كان. پاكڕاگرتنی هه‌وا، كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌ده‌نگ و فراوانكردنى پانتایى سه‌وزایى، پاراستنى سه‌رچاوه‌كانى ئاو و دووباره به‌كارهێنانه‌وه‌ى ئاوه‌ڕۆكان، زیاكردنى به‌نداوه‌كان، ده‌ركردنی یاسا و ڕێنمایى تازه‌ى تایبه‌ت به ژینگه‌پارێزی. هه‌روه‌ها ده‌بێ كار بكه‌ین بۆ ده‌ركردنى یاساى پاراستنى گیانه‌وه‌ره كێوییه‌كان و ناوچه پارێزراوه سروشتییه‌كان له هه‌رێمى كوردستان زیاد ببن و فراوان بكرێن. ده‌زگاى ژینگه‌پارێزى، چاودێریى كۆمپانیا ئه‌هلى و ده‌زگا حكوومییه‌كان بكات له كاتى ئه‌نجامدانى هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى دڵنیا بێت له‌وه‌ى كه مه‌رجه‌كانى پاراستن و گه‌شه‌كردنى ژینگه‌ى تێدا بێت. داوا له كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانیش ده‌كه‌م به‌شێك له داهاتیان بۆ گه‌شه‌پێدان و پاراستنى ژینگه‌ى كوردستان ته‌رخان بكه‌ن.
به‌ڕێزان، هه‌روه‌ها ده‌بێ كار بكه‌ین بۆ ئاڵوگۆڕكردنی ئه‌زموون و پسپۆڕى له‌گه‌ڵ ووڵاتانی دراوسێ و جیهانی ده‌ره‌وه بۆ په‌ره‌پێدانی پڕۆژه‌ی هاوبه‌ش له‌سه‌ر ژینگه‌پارێزى. وه‌رگێڕانی زانسته ژینگه‌ییه‌كان له بواری یاسای ژینگه و ئه‌ندازیاری و ئابووری و په‌روه‌رده‌یی ژینگه‌یی بۆ سه‌ر زمانی كوردی. دروستكردنی بۆردێكى هاوبه‌ش له نێوان وه‌زاره‌تی (په‌روه‌رده، خوێندنی باڵا، ته‌ندروستی، ده‌سته‌ی گشتیی ژینگه، هه‌روه‌ها فه‌رمانگه‌ی ڕێكخراوه ناحكوومییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان) به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی چالاكیی هاوبه‌ش و ده‌ركردنی بنه‌مای گشتی و به‌ئاگابوون له داڕشتنی ستراتیژیه‌ت بۆ ئه‌م بواره بۆ نه‌وه‌كانى داهاتوو.
دڵنیام ئه‌م كۆنفرانسه ئاكامى باشى ده‌بێت و هیوادارم به‌دواداچوون بۆ هه‌موو ئه‌و بۆچوون و بیروڕا و ڕاسپاردانه بكرێت كه له‌م كۆنفرانسه‌دا ده‌خرێنه ڕوو. هیواى سه‌ركه‌وتن بۆ ئه‌م كۆنفرانسه ده‌خوازم، ده‌ستخۆشى له ده‌سته‌ى پاراستن و چاككردنى ژینگه و به تایبه‌تى به‌ڕێز سه‌مه‌د محه‌مه‌د سه‌رۆكى ده‌سته ده‌كه‌م بۆ ئه‌م كاره‌ى كه ئه‌مڕۆ كردوویانه. هیواى سه‌ركه‌وتنان بۆ ده‌خوازم. به دڵنیاییشه‌وه ئێمه له ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پاڵپشتیى هه‌موو ئه‌و پڕۆژانه ده‌كه‌ین كه ده‌بنه هۆى پاكڕاگرتن و پاكوخاوێنیى ژینگه‌ى كورستان و هه‌موومان پێكه‌وه هه‌وڵ بده‌ین ژینگه‌ى كوردستان خاوێن و پاك بێت و به هیواى ئه‌وه‌ى ڕۆژێك بگه‌ینه ئه‌وه‌ى خه‌ڵكى خۆمان، هه‌ر تاكێكى كورد زیاتر له هه‌موو كه‌سێك بتوانێت ژینگه‌ى كوردستان بپارێزێ. دیسانه‌وه لێره‌وه له‌م ڕۆژه‌دا، له‌م سه‌كۆیه‌وه داوا له هه‌موو خه‌ڵكى كوردستان ده‌كه‌م كه هه‌ست به‌و به‌رپرسیاریه‌تیه بكه‌ن، له سه‌یران، له گه‌ڕان، له ده‌رچوون، له ماڵى خۆیان، له به‌رده‌رگا، له ئۆفیسى خۆیان، له هه‌ر شوێنێك كه هه‌ن، ده‌بێ ئه‌وله‌ویه‌تى یه‌كه‌میان پاراستنى ژینگه بێت، به هیواى ئه‌و ڕۆژه‌م.
زۆر سوپاس، به خێر بێن.
