سەرۆك بارزانی: بۆ یەكلاییكردنەوەی بابەتی پڕۆژەی دەستوور هەتا ئێستا هیچ نەكراوەو هیچ شتێكی ڕوونیان نەخستۆتەڕوو
ماوەیەكی زۆرە حزب و لایەنە سیاسییەكان لە لێدوان و راگەیاندنەكانیاندا وای نیشان دەدەن لەسەر مەسەلەی دەستوور بەنیازی سازانی نیشتیمانین و، بۆ یەكلاییكردنەوەی بابەتی پڕۆژەی دەستوور هەتا ئێستا هیچ نەكراوەو هیچ شتێكی ڕوونیان نەخستۆتەڕوو. پێدەچێ بابەتێكی گرنگی وەك دەستوور تەنیا بۆ یاریی سیاسی بەكاربێنن، نەك پەرۆشی بۆ دواڕۆژی وڵات و ژیانی نەوەكانی داهاتوو.
پرسیار ئەوەیە ئەگەر ئەو ویستەیان نییە سازان بكەن، بۆ بە راشكاوی ناڵێن دەستوورمان ناوێت؟ ئەگەر بە راستی خوازیاری ئەوەن وڵاتەكەمان ببێتە خاوەنی دەستوور بۆ ئەم بابەتە یەكلایی ناكەنەوەو، بۆچوونێكی روون و هەنگاوێكی كردەیی لەبارەى دەستوور نیشان نادەن؟ ئەگەر هیچیان لەوبارەیەوە پێ نییە بۆ ڕێگرن لەوەی گەل یەكلایی بكاتەوە؟ یان ئەو سازانەی باسی دەكەن فەرموون بیكەن، یان دەبێ گەل بڕیاری خۆی بدات و گەلیش ئەو بڕیارە هەر دەدات.
