فەلاح مستەفا لەگەڵ شاندێكی پەرلەمانتارانی بەریتانیا كۆبووەوە

فەلاح مستەفا لەگەڵ شاندێكی پەرلەمانتارانی بەریتانیا كۆبووەوە
4 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- شاندێكی پارتە جیاجیاكانی پەرلەمانی بەریتانیا بەسەرۆكایەتی بەڕێز جاسون ماككارتنی پەرلەمانتاری بەریتانیا لە پارتی پارێزگاران سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەیان كردو لە لایەن فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لێكرا.

لە دیدارێكدا كە كاروان جەمال جێگری بەرپرسی فەرمانگە ئامادەبوو، شاندی میوان مەبەستی سەردانەكەیان بۆ هەرێم خستەڕوو و خۆشحاڵی خۆیان سەبارەت بە گەشەكردنی ئابووری و پەرەپێدانی ژێرخانی هەرێم و سەقامگیری باری ئاسایش دەربڕی و دەستخۆشیان لە حكومەتی هەرێم كرد بۆ ئەو یارمەتی و هاوكاریانەی، كە پێشكەش بە ئاوارەكانی سوریای كردووە.

لە لای خۆیەوە بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە بەخێرهێنانی شاندی میوان كرد و باسی لە گۆڕانكارییە بنەڕەتی و ئەرێنییەكانی هەرێم كرد، كە لە پاش ڕاپەرینی ساڵی 1991وە بە خۆیەوە بینیویە و ویستی حكومەتی دەربڕی بۆ پتەوكردنی سەروەری یاسا و بەهێزكردنی دامەزراوە دیموكراسییەكان و ئاماژەی بەوەش كرد، كە هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ خاوەنی پەرلەمانی خۆیەتی، كە تیایدا حیزبەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن رۆڵ دەگێڕن لە بواری یاسادانان و ڕێز لە سەرجەم نەتەوەو ئاینەكان دەگرێت و پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی بە پێوەرێكی سەرەكی كۆمەڵگای كوردستانی هاوچەرخ پێناسەكرد.

پاشان بەڕێز مۆریس گلاسمان، پەرلەمانتاری پارتی كرێكاران لە پەرلەمانی بەریتانیا بە پێوویستی زانی، كەوا لەم قۆناغدا پەیوەندی دوولایەنە لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا پتەوتر بكرێت و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندیە دوولایەنە و گفتوگۆ لەسەر هەلی ئایندەیی لە پێناو هاوپەیمانێتیەكی تۆكمە لەسەر بنەمای دیموكراسی بۆ گەشەپێدانی ناوچەكە بە گرینك زانی.


فەلاح مستەفا پێزانینی خۆی لەمەڕ دەربڕینەكانی بەڕێز گلاسمان ئاشكرا كرد و جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە، كەوا حكومەتی هەرێم پێشوازی لە هەموو هەوڵ و كۆششێك دەكات، كە بەمەبستی پتەوكردنی پەیوەندی نێوان پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی وڵاتی بەریتانیا دەدرێت و یارمەتیدانی هەرێم لە بوارەكانی چەسپاندنی سەروەری یاسا و سیستەمێكی دادوەری بەهێز و ئاڵوگۆری زانیاری لەسەر ئاستی زانكۆكان بە گرینگ وەسف كرد و ووتی، ئێمە پێمان خۆشە پەرلەمانتاران و سیاسەتمەدارانی ئەو وڵاتە خۆیان بێن سەردانی هەرێم بكەن، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری ڕەوشی ئەرێنی هەرێم بن.

تەنگژەی سیاسی ئەمڕۆ لە عیراق و هەوڵدانەكانی هەرێم بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم بابەتێكی تری ئەم دیدارەبوون.

فەلاح مستەفا ئەوەی دووپاتكردەوە، كەوا حكومەتی هەرێم ئارەزوومەندانە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی بەغدا هەڵبژاردووە، بەمەرجێك بنەماكانی فیدراڵیەت و دیموكراسیەت و فرەیی بپارێزرێت و ڕێز لە ماددە دەستورییەكان بگیرێت و وەك هاوبەشێكی ڕاستەقینە بەشداربێت.

بارودۆخی سوریا و زیادبوونی ژمارەی پەنابەران لە هەرێم تەوەرێكی دیكەی باسەكە بوو. فەلاح مستەفا ئاماژەی بەوە دا، كە ژمارەی پەنابەران لەهەرێمدا گەیشتۆتە پتر لە 144 هەزار پەنابەر و رۆژانەش ئەم ژمارەیە لە زیادبووندایە، باسی لەوەش كرد كەوا حكومەتی هەرێم بە تەنیا ناتوانێت لە ڕووی تەندروستی، پەروەردەیی و كۆمەڵایەتی یارمەتی باش پێشكەش بەو ژمارە زۆرە لە پەنابەران بكات، ئەگەر كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەستی یارمەتی بۆ ئاوارەكانی سوریا درێژ نەكات.
Top