ده‌زگای خێرخوازی بارزانی مووچه‌و دیاری به‌سه‌ر منداڵان دابه‌ش ده‌كات

ده‌زگای خێرخوازی بارزانی مووچه‌و دیاری به‌سه‌ر منداڵان دابه‌ش ده‌كات
3 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- پرۆژه‌ی چاودێری ئازیزانی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا هه‌ستا به‌ دابه‌شكردنی هاوكاری چوار مانگ به‌سه‌ر 4000 هه‌زار منداڵی بێ باوك له‌ شاره‌كانی سلێمانی و كه‌ركووك و گه‌رمیان و چه‌مچه‌ماڵ، هاوكات له‌شاره‌كانی هه‌ولێرو دهۆكیش زیاتر له‌ 2000 منداڵ سوودمه‌ند بوون، له‌لایه‌كی دیكه‌ به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی جیهانی منداڵانیشه‌وه‌، ده‌زگای خێرخوازی بارزانی دیاری به‌سه‌ر زیاتر له‌ 700 منداڵدا دابه‌شكرد.

له‌ چوار چیوه‌ی پرۆژه‌ی چاودێری ئازیزانی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی هه‌ڵسا به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی چوار مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ به‌سه‌ر 2000 منداڵی بێباوك له‌شاره‌كانی هه‌ولێرو دهۆك، كه‌ یارمه‌تیه‌كه‌ش بۆ هه‌ر منداڵێك مانگانه‌ 50$ له‌خۆده‌گرێت كه‌ كۆی ده‌بێته‌ 200$.

له‌و باره‌یه‌وه‌ موسا ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی رایگه‌یاند: پرۆژه‌ی چاودێری ئازیزان تایبه‌ته‌ به‌ هاوكاریكردنی ئه‌و منداڵانه‌ی كه‌ ته‌مه‌نیان له‌خوار 18 ساڵه‌وه‌یه‌و به‌هه‌ر هۆیه‌ك بووبێ له‌نازی باوك بێبه‌ش بوون. هه‌روه‌ها گوتی: پرۆژه‌كه‌ رۆژ به‌رۆژ به‌ره‌وپێشه‌وه‌ ده‌چێت، ئه‌مه‌ش به‌هه‌وڵ و هاوكاری خێرومه‌ندانی كوردستانه كه‌ جێی خۆیه‌تی لێره‌دا سوپاسی یه‌ك به‌یه‌كی هاوبه‌شه‌كانمان له‌م پرۆژه‌یه‌دا بكه‌ین.

له‌لایه‌كی دیكه‌و به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی جیهانی منداڵانه‌وه‌، ده‌زگای خێرخوازی بارزانی هه‌ستا به‌ رێكخستنی ماراسۆنێك له‌شاری هه‌ولێر بۆ زیاتر له‌ 700)منداڵی كورِو كچ، كه‌ له‌كۆتایی ماراسۆنه‌كه‌دا، دیارییه‌كانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی كه‌ خۆی له‌چه‌ندین پێداویستی سوودبه‌خش بۆ منداڵان ده‌بینیه‌وه‌ پێشكه‌شكردن و له‌م جه‌ژنه‌دا دڵخۆشكران و رۆژێكی خۆشیان به‌سه‌ربرد.

هاوكات به‌و بۆنه‌یه‌وه‌، جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی رایگه‌یاند: وه‌ك هه‌موو ساڵێك و له‌م یاده‌دا، هه‌وڵمانداوه‌ دڵی منداڵه‌ چاوگه‌شه‌كان خۆش بكه‌ین به‌پێشكه‌شكردنی‌ خه‌ڵات و دیاری به‌سه‌ر ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ منداڵاندا و به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌ خزمه‌تكردنیان.
Top