سەلاحەدین دەمیرتاش: با ئەردۆغان داوای لێبوردن لە خەڵك بكا

سەلاحەدین دەمیرتاش: با ئەردۆغان داوای لێبوردن لە خەڵك بكا
2 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- لە درێژەی خۆپیشاندان و نائارامییەكانی مەیدانی تەقسیمی توركیادا رۆژی شەممەیش زیاتر لە 22 هاووڵاتی دیكە بریندار بوون و سەرۆكی پارتە سیاسییەكان حكوومەت بەوە تاوانبار دەكەن كە دەستی بە بەكارهێنانی هێز لە دژی خۆپیشاندەرەكان كردووە.

لەمبارەیەوە كاناڵی ئین تیڤی توركی بڵاویكردەوە كە هاوسەرۆكی پارتی ئاشتی و دیموكراسی سەلاحەدین دەمیرتاش لە گوتەیەكدا باسی رووداو و خۆپیشاندانەكانی پاركی گەزی لە گەڕەكی تەقسیمی ئەستەنبۆڵ كردووە و گوتوویەتی: حكوومەت هۆكاری سەرەكی خۆپیشاندان و نائارامییەكانە بۆیە پێویستە سەرۆك وەزیری توركیا داوای لێبووردن لە خەڵكی توركیا بكات.

ناوبراو ئاماژەی بەوە كردووە كە حكوومەت توانی بووی هەر لە رۆژی یەكەمی خۆپیشاندانەكاندا بریاری راگرتنی كاری بیناسازی لە پاركی گەزی لە تەقسیم رابگەینێت، بەڵام حكوومەت ئەو بڕیارەی دوای 5 رۆژ لە بەردەوام بوونی خۆپیشاندانەكان راگەیاند بۆیە حكوومەت خۆی هۆكاری سەرەكە بووە بۆ روودانی ئەم رووداوانە.

سەلاحەدین دەمیرتاش لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی ئەو توندوتێژییەی كردووە كە لە لایەن پۆلیسەوە لە دژی خۆپیشاندەرەكان بەكار هێنراوە و گوتوویەتی: ئەگەر لە ئەستەنبۆڵ شاخ هەبووایە، ئەوا لەم چەند رۆژەدا ژمارەیەكی یەكجار زۆر گەنج بە هۆی زڵمی حكوومەتەوە روویان لە شاخەكان دەكرد.
Top