بڕیاری درێژكردنەوەی قەدەغەكردنی راوە ماسی تەنها بۆ دوو دەریاچەی دوكان و دەربەندیخانە

بڕیاری درێژكردنەوەی قەدەغەكردنی راوە ماسی تەنها بۆ دوو دەریاچەی دوكان و دەربەندیخانە
1 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- سەرچاوەیەك لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم رایگەیاند: بڕیاری درێژكردنەوەی ماوەی قەدەغەكردنی راوەماسی تەنها دوو دەریاچەی دەربەندیخان و دوكان دەگرێتەوە و لە شوێنەكانی‌دیکە هاووڵاتیان دەتوانن راو بكەن.

بەڕێوەبەری سامانی ماسی، سیروان سەعید، لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: بەهۆی فێنكی كەش و هەوا و بارینی باران، دوای لێكۆڵینەوەمان بۆمان دەركەوت كە پڕۆسەی گەرا دانانی ماسی لە هەردوو دەریاچەی دوكان و دەربەندیخانە تەواو نەبووە. بۆیە لەسەر داوای لایەنە پەیوەندارەكانی ناو، ماوەی قەدەغەكردنی راوە ماسیمان لەو دوو شوێنە بۆ ناوەراستی ئەم مانگە درێژكردەوە.

سیروان سەعید، گوتی: بەڵام لە هەولێرو دهۆك راوەماسی لە ئەمڕۆوە ئاسایی بووەتەوە و هاووڵاتیان بە مەرج و رێنماییەكانی راوكردن دەتوانن راوی ماسی بكەن.

بەڕێوەبەری سامانی ماسی، گوتی: ئێستادا لە دەریاچەی دەربەندیخان سەرقاڵی جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی بەخێوكردنی ماسی قەفەسن كە بڕی 500 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانكراوە و سەربە حکومەت. هاوكات پڕۆژەی دابینكردنی ئالیكی ماسیان بۆ پڕۆژەكانی بەخێوكردنی ماسی بە هاوكاری نیوەی نرخەكەی داوەتە تەندەر.
Top