له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستان ده‌زگای خێرخوازی بارزانی مووچه‌ به‌سه‌ر منداڵانی بێباوك دابه‌ش ده‌كات

له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستان ده‌زگای خێرخوازی بارزانی مووچه‌ به‌سه‌ر منداڵانی بێباوك دابه‌ش ده‌كات
29ی‌ ئایار/ مایۆ (گوڵان میدیا)- ده‌زگای خێرخوازی بارزانی له‌رِێگای \"پرۆژه‌ی چاودێری ئازیزان\""، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ هاوكاریكردنی منداڵانی بێباوك له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌پرۆژه‌ی دووه‌میدا به‌هاوكاری ده‌وڵه‌مه‌ندو خێرخوازانی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵده‌ستێ به‌ دابه‌شكردنی هاوكاری چوار مانگ به‌سه‌ر 4000 هه‌زار منداڵی بێ باوكدا.

پرۆژه‌ی چاودێری ئازیزان هه‌ڵده‌ستێ به‌ دابه‌شكردنی موچه‌ی چوار مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ به‌سه‌ر 4000 منداڵی بێباوكدا، كه‌ یارمه‌تیه‌كه‌ش بۆ هه‌ر منداڵێك مانگانه‌ \""50%\"" له‌ خۆده‌گرێت، كه‌ ده‌كاته‌200$ و پرۆسه‌ی دابه‌شكردنه‌كه‌ش ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك ده‌خایه‌نێت، كه‌ سه‌رجه‌م شارو شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌و سه‌رجه‌م ئه‌و ناوانه‌ی له ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی‌ تۆماركراون، سوودمه‌ند ده‌بن.

موسا ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی رایگه‌یاند: پرۆژه‌ی چاودێری ئازیزان تایبه‌ته‌ به‌ هاوكاریكردنی ئه‌و منداڵانه‌ی كه‌ ته‌مه‌نیان له‌خوار 18 ساڵه‌وه‌یه‌و به‌هه‌ر هۆیه‌ك بووبێ له‌نازی باوك بێبه‌ش بوون. هه‌روه‌ها گوتی: پرۆژه‌كه‌ رۆژ به‌رۆژ به‌ره‌وپێشه‌وه‌ ده‌چێت، ئه‌مه‌ش به‌هه‌وڵ و هاوكاری خێرومه‌ندانی كوردستانه كه‌ جێی خۆیه‌تی لێره‌دا سوپاسی یه‌ك به‌یه‌كی هاوبه‌شه‌كانمان له‌م پرۆژه‌یه‌دا بكه‌ین.

هه‌ر له‌شاری سلێمانی به‌ مه‌به‌ستی هاوكاری كردنی منداڵانی كه‌م ده‌رامه‌ت و بێ باوك، ده‌زگای خێرخوازی بارزانی له‌ شاری سلێمانی موچه‌ی به‌ سه‌ر 1100 منداڵدا له‌ چوارچێوه‌ی پرۆژه‌ی ئازیزاندا دابه‌ش كرد.

له‌مباره‌یه‌وه‌ سۆران خه‌ڵه‌ف به‌رپرسی ئۆفیسی پرۆژه‌ی چاودێری ئازیزان له‌سلێمانی رایگه‌یاند: دیاره‌ ئه‌و كارانه‌ی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی بریتییه‌ له‌ خزمه‌تكردنی كه‌سانی لێقه‌وماو و كه‌مده‌رامه‌ت و بێباوكاندا، ئه‌مه‌ش به‌بێ جیاوازی له‌نێو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا، ئه‌مرِۆ له‌شاری سلێمانی یه‌كێك له‌ هه‌ره‌ پرۆژه‌ گرنگه‌كانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی كه‌ (پرۆژه‌ی چاودێری ئازیزان)ه‌ زیاتر له‌ 1010 منداڵ ناوی گه‌رِاوه‌ته‌وه‌ بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ی چوار مانگ به‌سه‌ریاندا.

له‌ گه‌رمیانیش هاوكاری و كۆمه‌كی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی گه‌یشته‌ سه‌دان منداڵی ده‌ڤه‌ره‌كه‌، سه‌باح عه‌لی به‌رپرسی ئۆفیسی پرۆژه‌ی چاودێری ئازیزان له‌ گه‌رمیان رایگه‌یاند: وه‌كو ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌پشت به‌ستن به‌ كولتورو فه‌لسه‌فه‌ی بارزانیی نه‌مر هه‌میشه‌ كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ئازیزانی كوردستان به‌بێ جیاوازی موچه‌و كه‌فاله‌تیان بۆ دابین بكرێت، پرۆژه‌كه‌، پرۆژه‌یه‌كی كوردستانییه‌و ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌ساڵی 2012 و 2013 تائێستا توانیویه‌تی كه‌فاله‌ت و موچه‌ بۆ زیاتر له‌ 4 هه‌زار منداڵ دابین بكات كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ خۆی گرنگی خۆی هه‌یه‌ بۆ باشكردنی ژیانیان، روونیشیكرده‌وه‌، دووه‌م رۆژی دابه‌شكردنی هاوكاری و كۆمه‌كه‌ی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و له‌گه‌رمیان نزیكه‌ی 1000 منداڵ ناوی هاتۆتوه‌، 130یان له‌ كفرین و 120یان له‌شاره‌دێی رزگارییه‌، 250یان بۆ كه‌لاره‌و بۆ ده‌ربه‌ندیخانیش 100 و 350 بۆ سنووری چه‌مچه‌ماڵ هاتۆته‌وه‌و هه‌زاریش بۆ كه‌ركووك و خورماتوو و خانه‌قینه‌."
Top