لەپێناو چارەی ئاشتیانەی قەیرانی سووریایە، ئەمەریكا داوای یارمەتی لە بارزانی كردووە

لەپێناو چارەی ئاشتیانەی قەیرانی سووریایە، ئەمەریكا داوای یارمەتی لە بارزانی كردووە
28ی‌ ئایار/ مایۆ (گوڵان میدیا)- سەرچاوەیەك بە هەفتەنامەی \"باس\""ـی ڕاگەیاندووە، ئەمەریكا لە هەوڵدایە هەریەك لە كورد، توركیا و قەتەر رازی بكات بۆ ئەوەی تا ساڵی 2014 بەشار ئەسەد لە حوکمدا بمێنێتەوە، لەم ماوەیەیشدا زەوینەی هەڵبژاردنێكی ڕەوا و یەكسان بسازێنێت.
لەو پێوەندییە تەلەفۆنییەدا كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر جێگری سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، جۆو بایدن لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی سازی دا، ئەمەریكا داوای لە بارزانی كردووە، یارمەتیدەری بێت بۆ چارەكردنی ئاشتیانەی قەیرانی ئێستای سووریا.
سەچاوەكە هەروەها دەڵێت، لایەنی كوردی هەڵوێستی لە بەرانبەر چارەی ئاشتیانەی كێشەی سورریا نەرمە، بەڵام بەو مەرجەی مافی كورد لەو وڵاتەدا مسۆگەر بكرێت، هەرچی قەتەریشە لەگەڵ ئەو چارەسەرەدا نییە، چونكە بە سازشی سیاسیی دەزانێت لە بەرانبەر ئێران، هێشتا توركیایش بە فەرمی هەڵوێستی خۆی ڕانەگەیاندووە.
بە گوتەی سەرچاوەكەی \""باس\"" كە لە ژمارەی ئەمڕۆ سێشەممەیدا بڵاوی كردووەتەوە، بایدن هاوكات پشتیوانیی خۆی بۆ داواكانی كورد نیشان داوە و داوایشی كردووە كە كۆبوونەوەكانی هەولێر و بەغدا درێژەیان هەبێت و لایەنی سوننەیش بهێنرێتە نێو گفنوگۆكانەوە.
لەم بارەیەوە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حەسەن جیهاد، باوەڕی وایە كە ئەمەریكا لەوە گەییشتووە كە سەركردایەتیی كورد لە هەرێم دەتوانن ڕۆڵ لە هاوكێشەكەدا بگێڕن، بۆیە لە پێوەندییەكانیاندا پرس بە كوردیش دەكەن.
گوتەبێژی هاوپەیمانیی كوردستانی، موئەییەد تەییبیش ئەوەی ڕاگەیاند كە كورد لە پێووتریش و ئێستایش هەمیشە هۆكاری سەقامگیری بووە لە عێراق و ناوچەكە، هەربۆیە هێزێكی وەكو ئەمەریكا ڕاوێژی پێ دەكات.
گوتیشی، سەركردایەتیی سیاسیی كورد حەكیمانە مامەڵە لەگەڵ پرسەكانی عێراق و سووریادا دەكات، چونكە دەزانێت ئەوەی هەیە ملمڵانێی ئیقلیمیشی تێدایە، بۆیە كورد بۆ كێشەكانی عێراق لەگەڵ گفتوگۆ بووە بۆ كێشەی سووریا، لەگەڵ پێدانی مافەكانی كورد بووە لەو هەرێمە وێڕای ئەوەیش پێداگر بووە لەسەر ڕای خەڵكی سووریا لەسەر كێشەكانی خۆیان."
Top