نێچيرڤان بارزانى: ئازادی بە بێ بەرپرسیارێتی نابێت
له ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی كۆنفرانسه‌كه‌دا كه ژماره‌یه‌ك له وه‌زیران و به‌رپرسانی حكوومی و میدیاكارانی كورد و بیانی و ژماره‌یه‌كی زۆری شاره‌زایان له بواری میدیادا ئاماده‌ی بوون، نێچیرڤان بارزانی له ووته‌يه‌كدا وێڕای ده‌ربڕێنى خۆشحاڵیی خۆی به‌م گردبوونه‌وه‌ى میدیاكاران، ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه \" ئەم ئازادییە ئەمڕۆ لە کوردستان زۆر ئاسایی دەبینرێ، بەڵام بۆ گەیشتن پێی، میللەتی کورد قوربانیی زۆری داوە. بۆیە ئێمە زۆر ڕێزی لێ دەنێین و بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین کە نەک تەنها بیپارێزین، بەڵکو هه‌وڵ بده‌ين ڕۆژ به ڕۆژ گەشەشی پێ بدەین\"".
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ى خسته ڕوو كه \""خەبات بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و بەرقەرارکردنی ئازادی تەنها خەباتی کورد نیە، بەڵکو خەباتی سەرجەم مرۆڤایەتییە، بە تایبەتی دوای مەینەتی و وێرانییەکانی جەنگ\"".
سه‌رۆك وه‌زيران ئه‌وشى به بير هێنايه‌وه كه \"" لە ساڵی ١٩٤٨، دوای جەنگی جیهانیی دووەم، سەرکردەکانی ووڵاتانی جیهان کۆ بوونەوە و جاڕی گەردوونيی مافەکانی مرۆڤیان پەسەند کرد. یەکێک لە بەندەکانی ئەم ڕێککەوتنامەیە دەڵێت:
\""هەموو مرۆڤەکان بە ئازادی لە دایک دەبن و لە ماف و کەرامەتدا یەکسانن. مرۆڤ ئەقڵ و هۆشیاری پێ بەخشراوە و پێویستە لە بەرامبەر یەکتردا بە گیانی برایەتی ڕەفتار بکەن.\""
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه دا كه ئەم ڕێککەتنامە نێودەوڵەتیە دێتە سەر ئازادیی ڕادەربڕین و بەندی ژمارە ١٩ دەڵێ:
\""هەموو کەسێک مافی ئازادیی بیروڕا و ئازادیی ڕادەربڕینی هەیە؛ ئەم مافە ئازادیی بیروبۆچوون دەگرێتەوە بە بێ تەدەخولات، لەگەڵ ئازادیی گەڕان و وەرگرتن و بەدەستهێنانی زانیاری و ئایدیا لە ڕێگای میدیاوە...\"".
سه‌رۆك وه‌زيران هه‌روه‌ها تيشكى خسته سه‌ر ئه‌وه‌ى كه ئازادی به‌رپرسیارێتییه و ته‌نها ناكه‌وێته ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵات، به‌ڵكو ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆى ڕۆژنامه‌نووسانیش و دووپاتی كرده‌وه كه به پێی ڕێككه‌وتننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تيی مافه سیاسی و مه‌ده‌نییه‌كان؛ پێویسته ئازادیی خه‌ڵكانی دیكه ڕێزی لێ بگیرێت و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌يى بپارێزرێت.
نێچيرڤان بارزانى هه‌روه‌ها هاته سه‌ر باسى ئازاديى ڕاده‌ربڕين و ڕايگه‌ياند به پێى ڕێککەوتنامەی نێودەوڵەتیی مافە سیاسی و مەدەنییەکان ئازادیی ڕادەربڕین دەبێ لە چوارچێوەی یاسادا بێت، ئەمەش هەروەک لە یاساکەدا هاتووە:
\""یەک: لە پێناو ڕێزگرتن لە ماف و سومعەی کەسانی دیکە.
دوو: لە پێناو پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و سەقامگیریی گشتيی خەڵک، یا تەندروستی و ئەخلاقی گشتیدا\""
دووپاتيشى كرده‌وه \""ئه‌مه ئەوە دەگەیەنێ کە دەبێ یاسا هەبێت بۆ بەرقەرارکردنی ئازادی. بێگومان ئەمە ئەرکی دەسەڵاتە کە دەبێ یاسای گونجاو دابڕێژێ و کاریان پێ بکات بۆ دابینکردنی ئەو ئازادی و مافانە. بەڵام لە هەمان کاتدا ئەوەش دەگەیەنێ کە لە دەربڕینی بیروڕادا، نابێ تەشهیر بە کەس بکرێ و بە هەڵە سومعە و کەرامەتی کەس لەکەدار بکرێت. دڵنیام هەمووشتان لەگەڵ من کۆکن کە نابێ بە بێ بەڵگە کەس تۆمەتبار بکرێت. ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، ئەوە مانای پێشێڵکاری و نابەرپرسیارێتی دەگەیەنێ\"".
نێچيرڤان بارزانى زياتريش گوتى: \"" ئەو بەندانەی ئاماژەم پێدان ئەوەش دەگرێتەوە کە ئازادیی ڕادەربڕین نابێ تا ئاستێک بێت کە ئاسایشی نەتەوەیی بخاتە مەترسیيەوە. هەروەک گوتم، ئەمانە بڕگە و ماددەی یاسای نێودەوڵەتیی تایبەت بە مافی مرۆڤن، ئەو یاسایانەی کە دەوڵەتانی دیموکرات لەسەری ڕێککەوتوون و ئیمزایان کردووە\"".
سه‌رۆك وه‌زيران جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه \""ئازادی و ئازادیی دەربڕین مافی بنەڕەتین و ئەو مەرجانەی لەو یاسا نێودەوڵەتیانە دانراون؛ بۆ تەسککردنەوەی ئەو مافە نیە، بەڵکو بۆ پاراستنی مافی ئەوانی دیکەیە، بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و ئاسایشی گشتییە لە کۆمەڵگە. چونکە ئازادیی تۆ لە هەر شوێنێک ئازادیی مرۆڤێکی دیکە پێشێڵ بکات، ئەوە ئازادی نیە و دەرچوونە لە بەرپرسیارێتی. کەس ئازاد نییە ئەمڕۆ لێرە ئاگر لەم بینایەته بەربدات، کەس ئازاد نیە بە هەڵە تۆمەت بخاتە پاڵ کەسێکی دیکە و ژیان و سومعەی بشێوێنێ. کەس ئازاد نیە وێنە و زانیاری دەربارەی ژیانی تایبەتی كه‌سێك، يان ژنێک لە ڕۆژنامە و ئینەرنێت بڵاو بکاتەوە و ژیانی ئەو ژنە بخاتە مەترسیەوە\"".
ئه‌وه‌شی خسته ڕوو كه مادده‌ی 20ی یاسای نێوده‌وڵه‌تیش دەڵێ:
\""1. پێویستە هەموو پڕوپاگەندەیەک بۆ نانەوەی شەڕ بە یاسا قەدەغە بکرێت.
٢. هەر هەوڵێک بۆ دروستکردنی ڕق و کینەی نەتەوەیی، نەژادی و ئاینی کە ببێتە مایەی ڕەگەزپەرستی و دوژمنکاری و توندوتیژی؛ پێویستە بە یاسا قەدەغە بکرێت.\"" کەواتە کەس ئازاد نیە لە نانەوەی ڕق و کینە، لە دروستکردنی هەستی ڕەگەزپەرستی و دوژمنکاری و دووبەرەکی لەناو کۆمەڵگەدا. ئەمانە بە پێی یاسای نێودەوڵەتی قەدەغە کراون\"".
نێچیرڤان بارزانی ئه‌م كۆنفرانسه‌ى به ده‌رفه‌تێكى باش زانى و گوتى: \"" بە ڕاوێژکاری و لێزانیی ئێوە دەمانەوێ ئەو چوارچێوە یاسایی و ئێتیکیانە دەستنیشان بکەین، بگەینە هەندێک بڕیار کە بە هاوکاریی هەموو لایەنەکان و هاوکاریی UN میکانیزمی جێبەجێکردنیان بۆ دیاری بکەین و کاریان پێ بکەین. چاککردنی دۆخی میدیا لە کوردستان بە هەوڵی هەموو لایەک؛ هاوکارمان دەبێت لە چارەسەرکردنی زۆر کێشە لە کوردستاندا، بۆ نموونە مەسەلەی توندوتیژی دژی ژنان و ڕێزگرتن لە مافەکانی ئافرەت، چونکە میدیا کاریگەریی زۆری هەیە لەسەر هۆشیاریی گشتیی کۆمەڵگە\"".
هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه \"" ئەرکمان وەک دەسەڵات ئەوەیە بە ووریایی و لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە ماف و ئازادیی ڕادەربڕین؛ یاسا و سیاسەتمان دابڕ‌ێژین و کار بکەین بۆ دابینکردنی دۆخێکی ڕاست و دروست له ووڵاته‌كه‌مان، دۆخێکی ئێتیکی و مەدەنیانە بۆ میدیا لە کوردستان. چونکە ئازادی پیرۆزە و مافی بنەڕەتیی مرۆڤە و ئەرکی ئێمەیە وەک دەسەڵات بیپارێزین. ئەمانە پێویستە لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامە و بڕیاری هاوبەشی نێوان حکوومەت و کۆمەڵگە و ڕۆژنامەنووساندا جێبەجێ بکرێن\"".
نێچيرڤان بارزانى هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه كه \"" حکوومەت بە هیچ شێوەیەک بۆی نیە بە ڕۆژنامەنووسان بڵێت وا بکەن و وا مەکەن، حکوومەت دەبێ لە ڕێگای یاسا و سیاسەتی گونجاوەوە دۆخەکە ڕێک بخات و بەرەو باشتری ببات\"".
له كۆتاييى ووته‌كه‌يدا سه‌رۆك وه‌زيران كارى رۆژنامه‌نووسانى به‌رز هه‌ڵسه‌نگاند و گوتى: \""دەزانم ئەرکی ئێوەیە؛ من و کابینەکەم بخەنە ژێر پرسیاره‌وه و ڕەخنەی لێ بگرن. تکایە ئەو ئازادییەی بە هەوڵی هەموو لایەک، بە هەوڵی لایەنە سیاسيیەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و خەڵکی کوردستان بەدەستمان هێناوە؛ بەکاری بێنن. ئەم ئازادییە زۆر سەنگین و پیرۆزە، بەڵام ده‌مه‌وێ بیرتان نەچێت کە ئازادی بە بێ بەرپرسیارێتی مەیسەر نابێت و مومكن نيه جێبه‌جێ بكرێت\"".
پاشان له چه‌ند پانێلێكدا چه‌ندین بابه‌تی په‌یوه‌ست به بواری میدیایی و ڕۆژنامه‌گه‌ری و په‌یوه‌ندیی میدیا به كولتووری كۆمه‌ڵگه و ئیتیك وبه‌رپرسیارێتیی كۆمه‌ڵایه‌تيه‌وه، له لايه‌ن به‌شداربووانى ناوخۆيى و بيانييه‌وه پێشكه‌ش كرا و به تێبينى و پرسيار و وه‌ڵامه‌وه، پانێله‌كان ده‌وڵه‌مه‌ند كران.
ئه‌م كۆنفرانسه ئه‌مڕۆ و سبه‌يش به‌رده‌وام ده‌بێت و له كۆتاييدا ڕاسپارده و پێشنیاره‌كانى به‌شداربووان ده‌خرێنه ڕوو."
