بارزانی: به‌بێ قسه‌ی میلله‌ت ده‌سه‌ڵاتی هیچ كه‌س و لایه‌نێك نییه پرۆژه‌ی ده‌ستوور بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ هه‌مواركردن
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه له پاركی شانه‌ده‌ری هه‌ولێری پایته‌خت، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له میانه‌ی ئاهه‌نگی 37 مین ساڵیادی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان له وتاره‌كه‌یدا له باره‌ی پرۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان گووتی: به ده‌رفه‌تی ده‌زانم ئه‌مڕۆ باسی بابه‌تێكی هه‌ره هه‌ستیار بكه‌م، ئه‌ویش بابه‌تی ده‌ستووره كه بۆته باسێكی رۆژانه‌ی نێو ناوه‌نده سیاسیی رۆژنامه‌وانییه‌كان.
سه‌رۆكی هه‌رێم ئاماژه‌یدا كه هه‌ندێ كه‌س میزاجی سیاسیی و لێكدانه‌وه‌ی شه‌خسیان كردۆته پێوه‌ری هه‌ڵسه‌نگاندن و قسه كردن، له سه‌ر بابه‌تێكی گرنگی وه‌ك ده‌ستوور كه ده‌ستوور گرێبه‌سێكی كۆمه‌ڵایه‌تی گرنگه و موڵكی گه‌له و ناكرێت گرێبه‌ستێكی وا بایه‌خدار تێكه‌ڵی به‌رژه‌وه‌ندیی تاكه كه‌سی و حزبی بكرێت یا هه‌ر به ئاسانی حوكمی له‌سه‌ر بدرێت و داوا بكرێت پرۆژه‌كه به‌رله‌وه‌ی خه‌ڵك ده‌نگی له سه‌ر بدرێت بێ ده‌ستكاری كردن بگه‌ڕێندرێته‌وه په‌رله‌مان.
گووتیشی: ئه‌و پرۆژه ده‌ستووره‌ی ئێستا هه‌یه ماوه‌ی حه‌وت ساڵ كارێكی زۆری له‌سه‌ر كراوه و له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت و پسپۆڕ ئاماده‌كراوه و راوبۆچوونی شاره‌زایانی بیانی و ناوخۆیی و هاوڵاتیانیش وه‌رگیراوه.
روونیكرده‌وه كه بۆ داڕشتنه‌وه‌ی ده‌ستوور، سوود له ده‌ستووری 40 وڵات وه‌رگیراوه و كۆده‌نگی سیاسیی له سه‌ر بووه و 36 حزبی سیاسی پاڵپشتیان كردوه و به‌ده‌نگی 96 په‌رله‌مانتار په‌سند كراوه، ئه‌م كۆده‌نگیه له مێژووی سیاسی نوێ‌دا كه‌م وێنه‌یه.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌یدا له‌م پڕۆژه‌یه‌دا موسڵمان بوونی زۆرینه‌ی خه‌ڵك بایه‌خی پێدراوه. پرۆژه‌كه نه‌ته‌وه، ئایینه‌كان و بنه‌ماكانی مافی مرۆڤی به باشی ره‌چاو كردوه، هه‌روه‌ها رێگه‌ی له پێشێلكردنی مافی نه‌ته‌وه‌و ئایینی دیكه‌ی كوردستان گرتووه.
ئه‌وه‌شی خسته‌روو كه له‌و پرۆژه‌یه‌دا میكانیزمه‌كانی هه‌مواركردنیش زۆر به‌روونی دیاریكراون بۆ ئه‌وه‌ی له داهاتوو به‌پێی پێویستی بیر له هه‌مواركردنه‌وه‌ی بڕگه‌كانی بكرێته‌وه، به‌پێی پرۆژه‌كه هه‌ر كاتێك یه‌ك له سه‌ر سێی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان یاخود سه‌رۆكی هه‌رێم و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران پێكه‌وه داواكارییه‌كانی بۆ هه‌مواركردن پێشكه‌شكرد، ئه‌و داوایه له‌لایه‌ن دوو له سه‌ر سێی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان په‌سندكرا ئه‌وكات ده‌بێت ده‌ستوور هه‌مواربكرێته‌وه.
له كۆتاییدا مه‌سعود بارزانی وتی: ئێستا پڕۆژه‌كه هه‌موو قۆناغه یاساییه‌كانی بڕیوه و ده‌سه‌ڵاتێكی هیچ كه‌س و لایه‌نێكی نییه، به‌ر له‌وه‌ی میلله‌ت قسه‌ی له‌سه‌ر بكات بیگه‌ڕێنێته‌وه بۆ هه‌موار كردن.
