یاسای خانەنشینی ڕۆژنامەنووسان هەمواردەكرێتەوە

یاسای خانەنشینی ڕۆژنامەنووسان هەمواردەكرێتەوە
26ی‌ ئایار/ مایۆ (گوڵان میدیا)- بەهۆی ئەو تێبینیانەی لەسەر یاسای خانەنشینی كوردستان هەیە، ئێستاكە ڕەشنووسی هەمواركردنەوەی یاسای خانەنشینی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستانە.


ڕێكخەری ڕێكخراوی پرسی میدیا، محەممەد فەریق، بەپەیامنێری ڕاگەیەند: بەهۆی ئەوەی یاسای ژمارە 13ی ساڵی 2003ی خانەنشینی ڕۆژنامەنووسان وەك پێویست نەبووە كە تیایدا هاتووە 120 هەزار دینار بۆ هەر ڕۆژنامەنووسێك كە خانەنشین دەكرێت بەمەرجێك خانەنشینی دیكەی نەبێت دیاری دەکرێت، بۆیە ئێمە دوای ئەوەی كەمپینێكی ئیمزاكۆكردنەوەمان دەست پێكرد بۆ هەمواركردنەوەی یاساكە، ئێستا پرۆژەی هەمواركردنەوەكە لە پەرلەمانی كوردستانە.
محەممەد فەریق، گوتی: داوی ئەوەمان كردووە، خانەنشینییەكە لە 120 هەزار دینار بكرێتە 750 هەزار دینارو ساڵی خانەنشینیش كەمتر بكرێتەوە سەرباری ئەوانەش وەزارەتی ڕۆشنبیری كاروبارەكانی خانەنشینی ڕۆژنامەنووسان نەكات، بەڵكو بخرێتە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی.

ئەم سەرچاوەیە، گوتیشی ئەو یاسایە هۆكارێك بووە كە بەهۆیەوە تائێستاكە سێ بەرێوەبەری گشتی خانەنشین كراون و مانگانەی سندوقی خانەنشینیش 120 ملیۆن دینارە و تەنها 8 ڕۆژنامەنووسیش بە 120 هەزار دینار خانەنشین كراون.
Top