سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بالیۆزی بەڕازیل لە عێراقی فیدڕاڵ كرد
لە دیدارێكدا سەرەتا باڵیۆزی بەڕازیل خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی دەربڕی و بە دەرفەتێكی مێژوویی بۆ خۆی وەسفكرد و سڵاوی سەرۆككۆمار و وەزیری دەروەی وڵاتەكەی بە سەرۆك بارزانی گەیاند. ئەوەیشی باسكرد كە سەرۆك بارزانی لە بەڕازیل ناسراوە و ستاییشی ڕۆڵ و ماندووبوونی سەرۆك بارزانیی كرد لە مێژووی سیاسیی عێراق و خەباتی گەلی كورد بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان و گوتی: \"سەرسامم بە ڕۆڵی جەنابتان لەوەی كە بە باشی توانیوتە لەنێو ئەو كەشە ئاڵۆزەی لە ناوچەكەدا هەیە گەلەكەت بپارێزی\"". لە تەوەرێكی دیكەی قسەكانیدا بالیۆزی بەڕازیل هیوای خواست پەیوەندییە سیاسییەكانی هەرێم و بەڕازیل لە ئاییندەیەكی نزیكدا گەشە پێ بدرێت و بۆ ئاستی كردنەوەی كونسوڵخانە بەرز ببێتەوە. هەروەها داوایشی كرد شاندی تەكنیكی هەرێمی كوردستان لە بواری گواستنەوە و كشتوكاڵ و بیناسازیدا سەردانی بەڕازیل بكەن و ئامادەیی وڵاتەكەیشی ڕاگەیاند بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری نێوان هەردوولا.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی باڵیۆزی وڵاتی بەڕازیلی كرد و سوپاسی سەرۆككۆمار و وەزیری دەرەوەی بەڕازیلیشی كرد و ڕۆڵ و پێگەی ئابووریی ئەو وڵاتەی لە جیهاندا بە گرنگ وەسف كرد و ئامادەیی هەرێمی كوردستانیشی ڕاگەیاند بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەر دوو گەلی كوردستان و بەڕازیل فراوانتر ببێ. بارودۆخی سیاسیی ناوخۆی عێراق و ناوچەكە و پڕۆسەی ئاشتیی لە توركیا تەوەرێكی دیكەی دانیشتەكە بوو و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە ئاشتی لە توركیا چركەساتێكی مێژووییە و یارمەتی پێشكەوتن و بووژانەوەی ناوچەكە دەدات."
