سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان: هیچ لایەنێكی كوردی لەسووریا بۆی نییە تاكلایەنە خۆی فەرز بكات هەتا هەڵبژاردنێكی ئازاد ئەنجام نەدرێت
ئەوە بوو دوای كۆبوونەوە و ڕاوێژێكی زۆری سەرۆكی هەرێم و هەموو لایەنەكان لە 11ـی 7ـی 2012ـدا دەستەی باڵای كوردی ڕاگەیێندرا و بووە جێگەی خۆشحاڵیی گشت لایەنە كوردییەكان و پشتگیریی تەواوی بەڕێز سەرۆكی هەرێم و دامودەستگەكانی هەرێمی وەدەستهێنا و بووە دەستكەوتێكی نەتەوەیی بۆ هەموو لایەكمان.
لەو كاتەوە و هەتا ئێستایش جەنابی سەرۆكی هەرێم بە یەك چاو و وەك برا سەیری هەموو لایەنە كوردییەكانی كردووە. بەڵام بەداخەوە لایەنێكی دیاریكراو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە سەفەقاتی گوماناوی خۆی پڕچەككردووە. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خۆی لە ڕێككەوتننامەی هەولێر دوور خستووەتەوە و لایەنەكانی دیكەی پەراوێز كردووە، هەتا كار گەییشتە كوشتن و گرتن و ڕفاندنی خەڵك و ڕەچاونەكردنی بۆچوونی لایەنە سیاسییە كوردییەكان.
لێرەدا ڕایدەگەیێنین هەتا هەڵبژاردنێكی ئازاد ئەنجام نەدرێت هیچ لایەنێك بۆی نیە تاكلایەنە خۆی فەرز بكات. هەتا كاتی هەڵبژاردن تەنیا دەستەی باڵا نوێنەرایەتیی خەڵك دەكات. ئێمە ڕێگە نادەین پشتیوانیی ئێمە وەك پردێك بەكار بهێنێت بۆ خۆسەپاندن و تاكڕەوی. بۆیە ناچارین پێداچوونەوە لە هەڵوێستی خۆماندا بكەین و، ئەگەر ڕێككەوتننامەی هەولێر بە تەواوەتی جێبەجێ نەكرێت و پێیەوە پابەند نەبن ئێمەش بڕیاری دیكە دەدەین.
سەرچاوەیەكی ڕۆژنامەوانی
لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
20/5/2013
