شەڕی نێوان دوو كارمەند و پزیشكەكەی كەلار بەهۆی كێشەی تایبەتییەوە بووە

شەڕی نێوان دوو كارمەند و پزیشكەكەی كەلار بەهۆی كێشەی تایبەتییەوە بووە
20ی‌ ئایار/ مایۆ (گوڵان میدیا)- پاش ئەوەی چەند رۆژێك لەمەوبەر نەخۆشخانەی شێرەی نەقیب بۆ ژنان و مناڵبوون، لە شاری كەلار، دوو كارمەندی تەندروستی لە گەڵ پزیشكێكدا بەشەڕهاتن، بە پێی ئەنجامی لیژنەی لێكۆڵینەوە، رووداوەكە بەهۆی كێشەیەی دەرەوەی نەخۆشخانەكەوە بووە و بەو هۆیەشەوە هەرسێكیان سزادراون.


بەرێوەبەری نەخۆشخانەکە، د. محەممەد ئازاد، تایبەت بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: پاش ئەوەی رۆژی پێنجشەممە، 16/5/2013، پزیشكێك و دوو كارمەندی تەندروستی لەناو نەخۆشخانەكەماندا بەشەڕهاتن، بەمەبەستی بەدواداچون كردن و لێپێچینەوە لەبارەی ئەو رووداوە، لیژنەیەكی تایبەتمان پێكهێنا. پاش بەدواداچون بۆمان دەركەوت كە ئەو سێ فەرمانبەرە لەسەر مەسەلەیەكی تایبەتی دەرەوەی نەخۆشخانەكەمان كێشەیان لەنێواندا درووست بووە و بەبێ رەچاوكردنی ئیتیك و بنەما كارگێڕییەكان، هەڵسوكەوتیان كردووە. هەربۆیە ئێمەش بەپێی دەسەڵاتی پێدراومان لەرووی كارگێڕییەوە سزامان دان. هەروەها دۆسیەكە بۆ بەڕیوەبەرایەتی گشتی بەمەبەستی گرتنەبەری رێكاری دیكەی كارگێڕیی لەوبارەوە بەرێ‌کرا.

د. محەممەد، ئاماژەشیدا: هاوكات جەختدەكەینەوە كە ئەگەرچی ئەو رووداوە نەبووەتە هۆی وەستانی كاری هیچ بەشێكی نەخۆشخانەكە، بەڵام رووداوێكی نەخوازراوە و مایەی قبوڵكردن نییە لە هیچ فەرمانبەرێك بەرژەوەندی گشتی لەبەر كێشەی تایبەتی پێشێل بكات.
Top