سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی پێداچوونەوەی پڕۆژەی دەستوور كۆدهبێتهوه
لە دانیشتنەكەدا سەرۆك بارزانی داوای لە ئامادەبووان كرد ڕا و بۆچوون خۆیان لەبارەی پڕۆژەكە بخەنەڕوو. پاشان فرسەت ئەحمەد سكرتێری پهرلەمانی كوردستان و سەرۆكی لیژنەی پێداچوونەوەی پڕۆژەی دەستوور باسی لەوە كرد، كە لیژنەكە بە بڕیاری پهرلەمان و ئیجماعی تێكڕای لایەنەكانی ناو پهرلەمان پێكهێنراوە و نوێنەرایەتیی هەموو نەتەوە و ئایین و لایەنە سیاسییەكانی لەخۆ گرتبوو. ئەوەیشی شیكردەوە، كە بۆ ئامادەكردنی ئەو پڕۆژەیە كەڵك لە دەستووری 40 وڵات وەرگیراوە و حەوت ساڵی خایاندووە هەتا ئامادە كراوە و ڕا و بۆچوونی پسپۆڕانی بیانی و نێوخۆیی وەرگیراوە و بەر لەوەی لە پهرلەمان دەنگی پێ بدرێت 5000 پێشنیاریان لە لایەن چین و توێژەكانی كۆمەڵگە پێگەیشتووە. پاشان لە پهرلەمانی كوردستان بە دەنگی 96 ئەندام بڕیار درا بدرێتە ڕیفراندۆم و بە یاسایەك ڕەوانەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كرا. هەروەها باسی ئەوەش كرد، كە 900 هەزار دانە لەو پڕۆژەیە چاپ كراوە و لەڕێی بریكارەكانی خۆراكەوە بۆ هەموو خانەوادەیەك نێردراوە. جگە لەوەیش ئیجماعێكی سیاسی و نیشتمانی لەسەر بووە و 36 حزبی سیاسیش لە شاری كۆیە، كە نوێنەرایەتیی تێكڕای كۆمەڵگەی كوردستانیان دەكرد پاڵپشتیی خۆیان بۆ پڕۆژەكە دووپات كردەوە و لەگەڵ ئەوەش بوون، كە پڕۆژەكە بدرێتە ڕیفراندۆم.
دواتر دەرگەی گفتوگۆ بۆ بەشداربووان كرایەوە و زۆربەی ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە لەسەر ئەوە هاوڕابوون، كە پڕۆژەی دەستوور هەموو قۆناغە یاساییەكانی خۆی بڕیوە و بە ئیجماعێكی سیاسی نووسراوەتەوە، بە بەراورد لەگەڵ زۆربەی دەستوورەكاندا، دەستوورێكی پێشكەوتوو و دیموكراتیانەیە و زۆر بە ڕوونیش ئاماژەی بەوە داوە، كە سیستەمی سیاسیی هەرێم پهرلەمانییە و جەختیشیان لەسەر ئەوە كردەوە، كە دەبێ ڕاستیی و ناوەڕۆكی دەستوور بۆ خەڵك شیبكرێتەوە و داوایانكرد لەبارەی ناوەڕۆكی پڕۆژەكەوە چیتر خەڵك چەواشە نەكرێت. ئامادەبووان لەسەر ئەوە كۆدەنگ بوون، كە هیچ لایەنێكیش ناتوانێت مافی دەنگدانی خەڵك زەوت بكات، چونكە ئیرادە و دەسەڵاتی گەل ڕەسەن و یەكلاییكەرەوەیە.
