پۆلیسی فریاكه‌وتنی هه‌ولێر: له‌ پێنج مانگی رِابردوودا 3601 كه‌س ده‌ستگیر كراون

پۆلیسی فریاكه‌وتنی هه‌ولێر: له‌ پێنج مانگی رِابردوودا 3601 كه‌س ده‌ستگیر كراون
18ی‌ ئایار/ مایۆ (گوڵان میدیا)- له‌ پێنج مانگی رِابردوودا، هێزه‌كانی پۆلیسی فریاكه‌وتنی هه‌ولێر 1921 تۆمه‌تباریان قۆڵبه‌ست كردووه‌ و رِاده‌ستی بنكه‌كانی پۆلیس و ئاسایشیان كردوون. هه‌روه‌ها 1360 كه‌سیش به‌ تاوانی شه‌رِی ئاسایی، له‌ لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیر كراون.


رِائید سه‌ران له‌تیف نه‌جم به‌رِێوه‌به‌ری پۆلیسی فریاكه‌وتنی هه‌ولێر، رِایگه‌یاند كه‌ له‌ ماوه‌ی پێنج مانگی رِابردوودا، هێزه‌كانی پۆلیسی فریاكه‌وتن 1921 تۆمه‌تباریان ده‌ستگیر كردووه‌ و رِاده‌ستی بنكه‌كانی پۆلیس و ئاسایشیان كردوون كه‌ به‌ تاوانی جۆراوجۆر تۆمه‌تبار كراون.

به‌رِێوه‌به‌ری پۆلیسی فریاكه‌وتنی هه‌ولێر، رِوونیشی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌ تاوانی شه‌رِی ئاسایی، 1360 كه‌س قۆڵبه‌ست كراون و چه‌ندین كه‌سیش كه‌ شه‌وانه‌ به‌ سه‌رخۆشی ته‌قه‌یان كردووه‌، له‌ لایه‌ن هێزه‌كانیانه‌وه‌ ده‌ستگیر كراون، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ ده‌ستگیركردنی 146 كه‌سی سه‌رخۆش كه‌ كێشه‌یان دروست كردووه‌ و خه‌ڵكیان جارِس كردووه‌.

سه‌ران له‌تیف هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ هه‌ر له‌و پێنج مانگه‌دا، 88 كه‌سیان به‌ گومانی دزیكردن ده‌ستگیر كردووه‌ و چه‌ندین رِووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌شیان به‌ هاوكاریی به‌رگریی شارستانی، كۆنترِۆڵ كردووه‌.
به‌رِێوه‌به‌ری پۆلیسی فریاكه‌وتنی هه‌ولێر، وێرِای ئاماژه‌دان به‌ قۆڵبه‌ستكردنی چه‌ندین كه‌س به‌ تۆمه‌تی هه‌ڵگرتنی چه‌قۆ و حه‌بخواردن، رِوونی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌و پێنج مانگه‌دا 50 ئۆتۆمبێلی سه‌رپێچیكاریش ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌.
رِائید سه‌ران ده‌ڵێت: \"هێزه‌كانمان له‌و ماوه‌یه‌دا 86 كه‌سی گومانلێكراویان ده‌ستگیر كردووه‌ و 54 نه‌خۆشیشیان گه‌یاندووه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌كان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ 42 ئافره‌ت و كچ هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا كێشه‌یان هه‌بووه‌ و گه‌یه‌نراونه‌ته‌ به‌رِێوه‌به‌رایه‌تیی نه‌هێشتنی توندوتیژیی دژ به‌ ئافره‌تان. هه‌روه‌ها 7 منداڵیش دۆزراونه‌ته‌وه‌ و رِاده‌ستی خاوه‌نه‌كانیان كراونه‌ته‌وه‌.\""
گوتیشی: \""وه‌ك پۆلیسی فریاكه‌وتن، داوامان له‌ هاوولاَتیان ئه‌وه‌یه‌ له‌ كاتی رِوودان و كۆنترِۆڵكردنی كێشه‌دا زیاتر هه‌ماهه‌نگیمان بكه‌ن و قه‌ره‌باڵغی دروست نه‌كه‌ن، داوا له‌ شوفێرانیش ده‌كه‌ین هاوكارمان بن به‌ تایبه‌ت له‌و كاتانه‌دا كه‌ ئۆتۆمبێلی تیمه‌كانی پۆلیس سه‌رقاڵی ئه‌نجامدانی ئه‌ركه‌كانی خۆیانن.\""
"
Top