یاوەر: ئەو شوێنەی پەکەکەی لێ جێگر دەبێت دەسەڵاتی هیچ حکوومەتێکی لێ نەبووە
جەبار یاوەر رایگەیاند: جێگربوونی هێزەکانی پەکەکە لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان لە شوێنێکە کە بارەگای پێشووی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکەی لێبووە و ئەو شوێنە دەسەڵاتی هیچ کام لە حکوومەتەکانی لەسەر نەبووە، تا ببێتە هۆی نیگەرانی دروستبوون.
جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پیشمەرگەی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەروو: ئەو شوێنەی کە چەکدارانی پەکەکە بۆی دەکشێنەوە، پیشتر بارەگای خۆیان ، پەکەکەی لێبووە، هیچ کام لە حکوومەتەکانی ( عێراق – تورکیا- ئێران) لەم شوێنە نەیانتوانیووە ئامادەبوونیان هەبێت و دەسەڵاتیان بە سەر ئەو شوێنە نەبووە . وەک ئاشکرایە پێشتر ئەم شوێنە پەکەکە تێدا جێگر بووە.
لە بارەی پرۆسەی ئاشتییەوە ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان رایگەیاند : هەرێمی کوردستان پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتەوایی لە توکیا دەکات و پێشوازی لە هەنگاوەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات ، بە پابەندبوونیان بە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پرۆسەی ئاشتی. هەرێمی کوردستان دەخوازێت ئەو پرۆسەیە سەرکەوتووبێت.
شایەنی باسە: حکوومەتی عێراق لە گەڵ دەستپێکی کشانەوەی چەکدارانی پەکەکە بۆ نێو خاکی هەرێمی کوردستان نیگەرانی خۆی دەربڕی و ئەم هەنگاوەشی بە پێشێلکاری بۆ سەروەرییەکانی عێراق و دروستبوونی مەترسی بۆ سەر ئاسایش لە قەڵم دا .
