سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی مسر لە عێراق دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی مسر لە عێراق دەكات
16ی‌ ئایار/ مایۆ (گوڵان میدیا)- پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە هەولێری پایتەخت بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شەریف شاهین باڵیۆزی مسر لە عێراقی فیدڕاڵ و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا سەرەتا باڵیۆزی مسر سەرەخۆشی خۆی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند بەبۆنەی كۆچی دوایی خوشكی بەڕێزیانەوە. پاشان باسی پەیوەندییە مێژوویی و كولتوورییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی مسری كرد و خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی بە بوونی پەیوەندیی بەردەوامی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری مسر و هێماشی بەوەدا كە سەرۆكوەزیرانی مسر لە ئاییندەیەكی نزیكدا سەردانی كوردستان دەكات. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باڵیۆزی مسر ئاماژەی بەو ڕۆڵە ئیجابی و كاریگەرە دا كە سەرۆك بارزانی لە چەند ساڵی ڕابردوودا بۆ ئاشتەوایی نیشتیمانی و لەیەكنزیككردنەوەی لایەنە ناكۆكە عێراقییەكان گێڕاویەتی و هیواشی خواست كە بەشەكانی دیكەی عێراق سوود لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان وەربگرن لە بەرقەراربوونی دیموكراسی و سەقامگیری لە وڵاتدا.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی بە گەرمی سوپاس و بەخێرهاتنی باڵیۆز و شاندی میوان كرد و ئاماژەی بە ڕۆڵی جەوهەریی و مێژوویی مسر لە ناوچەكەدا كرد و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە گەلی كوردستان هەمیشە ویستوویەتی پەیوەندیی سیاسی و كولتووریی بەهێزی لەگەڵ دەوڵەتی مسردا هەبێ و هەڵوێستی كۆماری مسریشی لە ساڵانی ڕابردوو لەبەرانبەر دۆزی ڕەوای كورد بەرز هەڵسەنگاند. هیوایشی خواست پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و كولتوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و مسر گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو.
Top