سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بالیۆزی كۆماری چیك لە عێراق كرد

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بالیۆزی كۆماری چیك لە عێراق كرد
15ی‌ ئایار/ مایۆ (گوڵان میدیا)- پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی ئایاری 2013 بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە ئەلەكساندەر لانگەر بالیۆزی كۆماری چیك لە عێراق كرد.

لە سەرەتای دیدارەكەدا، بالیۆزی كۆماری چیك سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی سەرۆك بارزانی كرد بەبۆنەی كۆچی دوای خوشكی بەڕێزیانەوە، هەروەها خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ دیدار لەگەڵ جەنابیان و سەردانی بۆ كوردستان دەربڕی و سەرسووڕمانی خۆی بۆ سرووشتی جوانی كوردستان و بوونی ئارامی و سەقامگیری لە كوردستان پێشان دا و هیوایشی خواست پڕۆسەی دیموكراسی و پێكەوەژیان و ئاشتی لە كوردستان بەردەوام بێت و گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

لە بەشێكی دیكەی ئەو دیدارەدا، بالیۆزی كۆماری چیك، هەرێمی كوردستانی بە ناوچەیەكی گرنگ زانی بۆ وەبەرهێنانی ئابووری و هاتنی كۆمپانیاكانی وڵاتی چیك و هیوای پتەوكردنی پەیوەندییە دیبلۆماسی و ئابورییەكانی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستانی لە ئاییندەدا خواست.

سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهاتن و سوپاسكردنی بالیۆزی كۆماری چیك، پێشخستنی پەیوەندییە دیبلۆماسی و ئابووری و كولتورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری چیك بەهەنگاوێكی بایەخدار وەسفكرد.

باسكردنی دۆخی سیاسی عێراق و ناوچەكە تەوەری دیكەی دانیشتنی نێوان سەرۆك بارزانی و بالیۆزی كۆماری چیك بوو.
Top