ئاژانسی monitor: نێچیرڤان بارزانی دەرگای گفتوگۆی كردەوە و شەڕی لە عێراق دوورخستەوە
ئاژانسی monitor ی ئەمەریكی لە راپۆرتێكدا لەسەر سەردانی ئەم دواییەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا ئەوە دەخاتەڕوو لە چوار چێوەی سەردانەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم ئەو كێشە سیاسیانەی لە وڵات هەیە بە شێوەی گفتوگۆ چارەسەر دەكرێن، ئەوەش هەنگاوێكی باشە بۆ بەرەو پێش چوونی پرسەكان، ئەو ئاژانسە ئەوەش ڕوون دەكاتەوە سەردانەكە بارزانی دەبێتە مایەیی درێژە پێدەر و چارەسەر كردنی رێكەوتن لەنێوان بەغدا و هەولێر لەسەر پرسی پێشمەرگە و مادەی 140 و یاسای نەوت و غاز، كە هەندێك لایەن ڕەشبین بوون لەسەر ئەگەری چارەسەر كردنی.
ئەو ئاژانسە ئەوەش دەخاتەڕوو جیا لە یەك گەیشتنی سیاسی گفتوگۆكان كاریگەری دەكاتە سەر مەسەلەی ئەمنییش، چونكە بەشێك لە سوپای عێراق جوڵەیان پێكراوە بۆ ناوچە كێشە لەسەرەكان بۆیە بە ڕێكەوتنی هەردوولا ئەو هێزە دەگەڕێتەوە بۆ شوێنی خۆیان و كێشەكانیش لەڕووی ئەمنییەوە چارەسەر دەبن.
دەربارەی بارودۆخی عێراقیش ئەوە دەخاتەڕوو كە پێش هەڵبژاردنەكانەوە لێدوانی سیاسی توند لە ئارادابووە بە تایبەتی مەسەلەی كشانەوە لە حكوومەتی عێراق و بانگەشەكانی ئوسامە نوجێفی سەركردەی لیستی عێراقییە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵام لە ئێستادا ئەم سەردان و گفتوگۆیانە ئاراستەی تازە لە وڵات دەهێنێتە ئاراوە ئەویش لەیەك گەیشتنە.
هاوكات monitor ئەوە ڕوون دەكاتەوە سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەهۆڵی سیاسی هێزە كانی عێراق دەتوێنێتەوە و دەرگای خێر دەكاتەوە كە عێراق لە شەڕێكی ناوخۆی دووردەخاتەوە، هاوكات ئەو سەردانە بە پێچەوانەی ئەو گوتارە ڕاگەیاندنیانە بوو كە پێشبینیان بۆ ڕەوشی عێراق دەكرد.
