ده‌قی خاڵه‌كانی ڕێككه‌وتنی هه‌ردوو سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم و فیدارل
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مووان ڕاستیی بابه‌ته‌كه و ده‌قی ته‌واوی خاڵه‌كان و ڕیزبه‌ندیان له ڕێككه‌وتنه‌كه‌دا بزانن، لێره‌دا ده‌قی هه‌ر حه‌وت خاڵی ڕێككه‌وتنه‌كه وه‌ك خۆی ده‌خه‌ینه ڕوو كه به‌م شێوه‌یه‌یه:
1- ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یاسایه‌كی تایبه‌ت به (قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی قوربانیانی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال و چه‌كی كیمیایی و ڕاپه‌ڕین و گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان) و حكوومه‌تی فیدراڵ بۆ یارمه‌تیدانی ئه‌و ئاو‌اره و په‌نابه‌رانه‌ی له هه‌رێمی كوردستانن؛ بڕه پاره‌ی پێویست ته‌رخان ده‌كات.
2- پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی باڵای ئه‌منی بۆ هه‌ماهه‌نگیی ئه‌منی.
3- پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك له هه‌ردوولا بۆ لێكۆڵینه‌وه له ورده‌كاریی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌منیی هاوبه‌ش له ناوچه ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان كه به میكانیزمێكی تایبه‌ت و بێ له فه‌رمانده‌كانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان، له نێویشیاندا ئۆپه‌راسیۆنی دیجله؛ به‌ڕێوه ده‌بردرێ.
4- پێكه‌وه‌كاركردن له‌پێناو دانانی یاسای دیاریكردنی سنووره ئیدارییه‌كان بۆ پارێزگاكان وه‌ك ئه‌وه‌ی له لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی كۆماره‌وه پێشكه‌ش به ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كراوه، هه‌روها پڕۆژه‌یاسای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی (ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی شۆڕش) كه له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه پێشكه‌ش كراوه.
5- پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ لێكۆڵینه‌وه له كێشه‌كانی قه‌زا و گومرگ و سه‌فه‌ر و ده‌روازه سنوورییه‌كان و هاوشێوه‌كانیان له هه‌ردوو حكوومه‌تی فیدراڵ و حكوومه‌تی هه‌رێم.
6- داواكردن له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ چاوخشاندنه‌وه به یاسای بودجه‌ی فیدرالی ساڵی 2013 و پاشكۆكانیدا، به شێوه‌یه‌كی ئسووڵی.
7- پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی هونه‌ری له هه‌ردوولا بۆ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای نه‌وت و غاز و پڕۆژه‌یاسای دابه‌شكردنی داهاته‌كان.
