مه‌سرور بارزانى: كاتى خۆ ئاماده‌كردنه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن و ده‌ستكه‌وتی زیاتر

مه‌سرور بارزانى: كاتى خۆ ئاماده‌كردنه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن و ده‌ستكه‌وتی زیاتر
2ی‌ ئایار/ مایۆ (گوڵان میدیا)- سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مرِۆ رێزدار (مه‌سرور بارزانى) پێشوازیكرد له‌ ده‌سته‌ى مه‌كته‌بى سكرتاریه‌تى یه‌كێتى قوتابیانى كوردستان.
له‌ دانیشتنێكدا كه‌ به‌رێز (ساسان عه‌ونى) به‌رپرسى ده‌سته‌ى جه‌ماوه‌رییه‌كانى پارتى دیموكراتى كوردستان ئاماده‌یبوو، شاندى ناوبراو كورته‌یه‌كیان له‌ كار و چالاكییه‌كانى یه‌كێتیه‌كه‌یان پێشكه‌شكرد.
رێزدار مه‌سرور بارزانى دواى به‌خێرهێنانیان رایگه‌یاند: یه‌كێتى قوتابیانى كوردستان ئه‌و رێكخراوه‌ تێكۆشه‌ره‌یه‌ كه‌ تێیدا به‌شداربووین و ژیانى سیاسی زۆربه‌مان لێره‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌، بۆیه‌ ئێستاش به‌ رێكخراوى خۆمانى ده‌زانین و پاڵپشتى ته‌واوى ده‌كه‌ین.
هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند: پێویسته‌ یه‌كێتى قوتابیانى كوردستان به‌ پێی به‌رنامه‌ و پلانى نوىَ زیاتر خزمه‌تى توێژى قوتابیان بكات و هانده‌ربێت بۆ پێشخستنى ئاستى زانستى له‌ كوردستان و له‌م رووه‌شه‌وه‌ هاوكارى ته‌واوى خۆى بۆیان دووپاتكرده‌وه‌.
له‌به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا رێزدار مه‌سرور بارزانى بارودخ و گۆرِانكارییه‌كانى ئێستاى ناوچه‌كه‌ى به‌ هه‌لێكى دیكه‌ بۆ گه‌لى كوردستان وه‌سفكرد و گوتى: بارودۆخێكى له‌بار بۆ گه‌لى كوردستان به‌گشتى هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ و ئاسۆمان روونه‌، پێویسته‌ هه‌مووان به‌ گیانى نیشتمانپه‌روه‌رانه‌وه‌ یه‌كرِیزیمان بپارێزین و چونكه‌ ئێستا كاتى خۆ ئاماده‌كردنه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن و ده‌ستكه‌وتی زیاتر.
Top