سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیر و نوێنەری كوتلە كوردستانییەكانی پارلەمانی عێراق كۆبوویەوە

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیر و نوێنەری كوتلە كوردستانییەكانی پارلەمانی عێراق كۆبوویەوە
1ی‌ ئایار/ مایۆ (گوڵان میدیا)- دوێنێ لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی كۆسرەت ڕەسول عەلی جێگری سەرۆكی هەرێم و ئەرسەلان بایز سەرۆكی پارلەمانی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیر و نوێنەری كوتلەكوردستانییەكان لە حكوومەت و پارلەمانی عێراقیدا كۆبوویەوە.

كۆبوونەوەكە ئەنجامەكانی سەردانی شاندی هەرێمی بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا تاوتوێ كرد. سەرۆكی شاندەكەیش ئەنجامی سەردان و ئەو دیدارانەی لە بەغدا لەگەڵ هێزە سیاسییە عێراقییەكان و هەروەها دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ نوری مالیكی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.

كۆبوونەوەكە جەختی لەسەر پاڵپشتی دیالۆگ لەگەڵ حكوومەتی فیدڕالی و هەروەها پاڵپشتیكردنی ئەو ڕێككەوتنەیش كردەوە كە لە 29ـی 4ـی 2013 لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵ بەستراوە و، بە هەنگاوێكی ئیجابیی زانی بۆ گەییشتن بە چارەسەركردنی هەندێ كێشەی سیاسیی هەڵپەسێردراو و، بە دەروازەیەكی گونجاویشی زانی بۆ چارەكردنی هەموو كێشەكانی نێوان كوتلە عێراقییەكان.

كۆبوونەوەكە بڕگەكانی ڕێككەوتننامەكەشی تاوتوێ كرد و هەروەها ئاماژە كرا بە بابەتی گەڕانەوەی نوێنەرانی كوتلە كوردستانییەكانی نێو ئەنجوومەنی نوێنەران و وەزیرانی فیدڕاڵی كرد و بڕیاریشی دا وەزیر و ئەندام پارلەمەكانی كورد بگەڕێنەوە بۆ بەغدا.

هەروەها كۆبوونەوەكە جەختی لەوە كردەوە كە قەیرانە قووڵەكەی ئێستای عێراق تەنیا لە ڕێگەی پابەندبوون بە پڕەنسیپی هاوبەشیی و سازان و هاوسەنگی و جێبەجێبوونی ڕێككەوتنە بەستراوەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان و پابەندبوون بە دەستوور و مافی هەموو پێكهاتەكان چارەسەر دەكرێت.
Top