شاندێكى پارێزگاى هه‌ولێر سه‌ردانى وڵاتی رۆمانیا ده‌كات

شاندێكى پارێزگاى هه‌ولێر سه‌ردانى وڵاتی رۆمانیا ده‌كات
1ی‌ ئایار/ مایۆ (گوڵان میدیا)- له‌سه‌ر داوه‌تى فه‌رمى پارێزگارى براشۆڤی رۆمانیا كه‌ هاو شاره‌ له‌گه‌ڵ هه‌ولێرى پایته‌ختى هه‌رێمى كوردستان، شاندێكى پارێزگاى هه‌ولێر به‌ سه‌رۆكایه‌تى تاهیر عه‌بدوڵا جێگرى پارێزگار و ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌رۆكى یه‌كه‌ ئیداریه‌كان و به‌رێوه‌به‌رانى داموده‌زگاكان سه‌ردانى رۆمانیایان كرد.

له‌و سه‌ردانه‌ فه‌رمییه‌دا و له‌ میانه‌ى دیدارو كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ پارێزگارو جێگرو به‌رپرسانى داموده‌زگاكانى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و خزمه‌تگوزارى و وه‌به‌رهێنان و ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازى ئه‌وشاره‌، تاوتوێى چه‌ندین پرسى هاوبه‌شى نێوان هه‌ر دوولا كراو جه‌خت له‌سه‌ر بره‌ودانى پترى په‌یوه‌ندییه‌كانیان كرایه‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ بوارى گه‌شتوگوزارو ده‌ستپێكردنى گه‌شتى ئاسمانى راسته‌وخۆ له‌ نێوان هه‌ولێرو بۆخارست و كاركردن بۆ پێدانى ڤیزا راسته‌وخۆ له‌رێگه‌ى كونسوڵگه‌رى رۆمانیا له‌هه‌ولێرى پایته‌خت و به‌شداربوونى كۆمپانیاو وه‌به‌رهێنه‌رانى ئه‌و وڵاته‌ له‌ پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و گه‌شه‌پێدانى هه‌ولێرى پایته‌خت .

شانده‌كه‌ سه‌ردانى چه‌ندین كۆمپانیاو دامه‌زراوه‌ى فه‌رمى و كه‌رتى تایبه‌تیان كرد بۆ ئاشنابوون به‌ سیسته‌م و كوالیتى و پێشكه‌وتنى ته‌كنه‌لۆژیاى بیناسازى و رێگه‌وبان و خزمه‌تگوزاریه‌كانى گه‌شتوگوزارو شاره‌وانى له‌و وڵاته‌.
Top