به‌ بۆنه‌ی یادی 24 ساڵه‌ی دامه‌زراندنییه‌وه‌، په‌یامی پیرۆزبایی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ پارتی برایه‌تی توركمان

به‌ بۆنه‌ی یادی 24 ساڵه‌ی دامه‌زراندنییه‌وه‌، په‌یامی پیرۆزبایی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ پارتی برایه‌تی توركمان
برای به‌رِێزمان وه‌لید محمد شه‌ریكه‌ ئه‌مینداری گشتی پارتی برایه‌تی توركمان
برایان له‌ مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی و گشت ئه‌ندامانی پارتی برایه‌تی توركمان

به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی یادی دامه‌زراندنی پارتی برایه‌تی توركمانه‌وه‌ گه‌رمترین پیرۆزباییتان لێ ده‌كه‌ین و له‌لایه‌ن خۆمانه‌وه‌ و به‌ناوی سه‌ركردایه‌تی و ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی پارتیمانه‌وه‌، پارتی دیموكراتی كوردستان، ئه‌م یاده‌ به‌رز و به‌رِێز راده‌گرین و هیواردارین پارتی برایه‌تی توركمان هه‌میشه‌ له‌ گه‌شه‌سه‌ندندا بێت و كاروانی خه‌بات و كۆششی له‌پێناوی به‌دیهێنانی ئامانج و مافه‌ ره‌واكانی نه‌ته‌وه‌ی توركماندا به‌رده‌وام بێت.
نه‌ته‌وه‌ی توركمان له‌ عێراق و له‌ هه‌رێمی كوردستاندا پێكهاته‌یه‌كی گرنگه‌ و به‌ دابین كردنی مافه‌كانی له‌ بواری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی و كولتووریدا، دیموكراسی سه‌قامگیرتر و پرۆسه‌ی گه‌شه‌كردن بره‌وی زیاتر ده‌بێ.
له‌ هه‌رێمی كوردستاندا گه‌لی توركمان شوێنی راسته‌قینه‌ی خۆی له‌ ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و له‌ داموده‌زگا سه‌روه‌رییه‌كاندا كردۆته‌وه‌ و كۆڵه‌گه‌یه‌كی پته‌وی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییه‌، بۆیه‌ بایه‌خ پێدانی زیاتر به‌ دوا ره‌واكانی له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ئه‌ركێكی نیشتمانی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌.
نه‌ته‌وه‌ی توركمان له‌سه‌رده‌ستی رژێمه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق، دووچاری چه‌وسانه‌وه‌ و راگواستن و له‌ناوبردنی ناسنامه‌ بۆته‌وه‌، ئێستایش له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به‌گشتی و له‌ ناو كه‌ركووكدا به‌تایبه‌تی رووبه‌رِووی تیرۆر و په‌لاماری گروپه‌ چه‌كداره‌ شۆفێنی و توندرِه‌وه‌كان بۆته‌وه‌. ئێمه‌یش برِوامان به‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 و گه‌رِانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ و گرفته‌كانی توركمان چاره‌سه‌ر ده‌بن و ده‌توانن به‌ ئاشتی و له‌ شوێنی شایسته‌ی خۆیان له‌ ژیانی سیاسیدا له‌ ناو هه‌رێمی كوردستاندا بژین و گه‌شه‌ بكه‌ن.
پارتی برایه‌تی توركمان له‌م باره‌یه‌وه‌ دیدگای له‌گه‌ڵ ئێمه‌ و هه‌موو هێزه‌ كوردستانییه‌كان كۆكه‌ و برِوامان به‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌باتی راستگۆیانه‌ی ئه‌و له‌م پێناوه‌دا دێته‌ دی و گه‌لی توركمانیش به‌ ئاواته‌كانی ده‌گات.
دووباره‌ یادی دامه‌زراندنی پارتی برایه‌تی توركمان پیرۆزه‌.
سه‌ركه‌وتوو سه‌رفرازبن

مه‌كته‌بی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
Top