په‌یامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانیی كرێكارانه‌وه‌

په‌یامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانیی كرێكارانه‌وه‌
30ی نیسان/ئەپرێل (گوڵان میدیا)- هه‌موو ساڵێ له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا، له‌ یه‌كی ئایاردا، رۆژی جیهانیی كرێكاران به‌رز و به‌رِێز راده‌گیرێ و جه‌خت له‌سه‌ر به‌ها و مانا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ده‌كرێته‌وه‌.
ئێمه‌یش له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له‌ سه‌رجه‌م كرێكارانی كوردستان و عێراق و جیهان ده‌كه‌ین و سڵاو بۆ كرێكارانی بیر و بازوو ده‌نێرین كه‌ سه‌رقافڵه‌ی كاروانی پێشكه‌وتن و گه‌شه‌پێدانی كوردستانه‌كه‌مانن. هه‌روه‌ها درود بۆ گیانی ئه‌و كرێكارانه‌ ده‌نێرین كه‌ له‌ خه‌باتی رزگاریخوازیی نیشتمانی و له‌ بونیاتنانی وڵاتدا گیانیان به‌خشیوه‌.
له‌لای ئێمه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان، كرێكاران چی وه‌كوو چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، چی وه‌كوو داینه‌مۆی بونیاتنانی ژێرخان و دامه‌زرێنه‌ری بناغه‌ی پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردنی ئه‌مرِ و ئاینده‌ی وڵات، به‌ بایه‌خه‌وه‌ ده‌رِوانینه‌ رۆڵ و ئه‌رك مافیان، بۆیه‌ له‌ هه‌موو قۆناغ و پرسێكدا پشیوانی خۆمانیان بۆ دووپاتده‌كه‌ینه‌وه‌.
له‌ رۆژگاری ئه‌مرِۆشدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ په‌رله‌مانی كوردستان و نوێنه‌رانی كوردیش له‌ په‌رله‌مانی عێراق چالاكانه‌ كار بكه‌ن بۆ هه‌مواركردنی هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی په‌یوه‌ندیدارن به‌ كار و مووچه‌ و كرێ و گوزه‌ران و سه‌لامه‌تی پیشه‌یی كرێكارانه‌وه‌ و له‌ هه‌ر بوارێكیشدا هێشتا یاسا ده‌رنه‌كراوه‌ كار بكه‌ن بۆ ده‌ركردنی یاسای پیچشكه‌وتنخوازانه‌ كه‌ خزمه‌تی پرس و مافی كرێكاران بكات.
په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شه‌كردنی هه‌رێمی كوردستان و جووڵه‌ی بازارِی كار ، ئه‌ركی ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ ستراتیژێكی گونجاوی بۆ كه‌رتی گشتی و كه‌رتی تایبه‌ت و بواره‌ جیاجیاكانی چالاكی ئابووری له‌ كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و خزمه‌تگوزاریی و گه‌شتیاری هه‌بێ، بۆئه‌وه‌ی سوودی ته‌واو له‌ هێزی كار و سامانی مرۆیی كوردستان وه‌رگیرێ. بنه‌مای ئه‌م ستراتیژه‌ دۆزینه‌وه‌ و فه‌راهه‌مكردنی ده‌رفه‌تی راسته‌قینه‌ی كاره‌ كه‌ بتوانێ هێزی كاری هه‌رێمی كوردستان بخاته‌ مه‌یدانی كاركردنه‌وه‌ و رێژه‌ی بێكاری و بێكاری ده‌مامككراوی ناو دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تیش كه‌م بكاته‌وه‌.
له‌ 1 ـی ئایاردا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ رۆڵی ساندیكای كرێكارن له‌ چه‌سپاندن و قووڵكردنه‌وه‌ی سستمی دیموكراسی و گه‌شه‌ی سیاسی و مه‌ده‌نیدا، رۆڵێكی گرنگ و كاریگه‌ره‌، بۆیه‌ بایه‌خدان به‌ ساندیكای كرێكاران و كارا كردنی، ئه‌ركێكی له‌پێشه‌وه‌ی ئێستایه‌ و پێویسته‌ پشتگیری خه‌بات و داوا ره‌واكانی بكرێ بۆئه‌وه‌ی ببێته‌ گه‌یه‌نه‌ری راسته‌قینه‌ی داخوازی كرێكاران به‌ حكومه‌تی هه‌رێم و خاوه‌نكاران.
دووباره‌ جه‌ژنی كرێكاران پیرۆزه‌ و هه‌میشه‌ رۆژی 1 ـی ئایار به‌رز و به‌رِێزه‌
درود بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی ئه‌م چینه‌ له‌ كوردستان و عێراق و هه‌موو جیهان

مه‌كته‌بی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
له‌ 30 ـی نیسانی 2013
Top