سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جێگری ڕەجەب تەییب ئەردۆگان دەكات
لەسەرەتای دیدارەكەدا بەڕێز حوسێن چەلیك سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەو دیدارە و سڵاوی تایبەتی سەرۆك وەزیرانی توركیای بە سەرۆك بارزانی گەیاند و خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ سەردانی كوردستان دەربڕی. جێگری سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدان ستایشی خۆڕاگری و ڕۆڵی سەرۆك بارزانی كرد لە كاروانی خەباتی گەلی كورد و گەییشتن بەو ڕۆژەی ئێستا ئاوەدانی و ئاساییش و بووژانەوە لە هەرێمی كوردستاندا بەرقەرارە. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا حوسێن چەلیك ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیای كرد لە بواری ئاوەدانكردنەوە و پەروەردە و هیوای خواست پەیوەندییەكان پەرە بستێنێت بە تایبەت لە بوارە فەرهەنگییەكان و ئاڵۆگۆڕكردنی شاندە زانستییەكان و خوێندنی باڵا.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی سەرۆكوەزیرانی توركیا و پارتی داد و گەشەپێدانی كرد و ڕۆڵی ناوەندە زانستی و بازرگانی و فەرهەنگییەكانی توركیای لە گەشپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیای بەرز نرخاند و ئومێدیشی خواست ئەو پەیوەندییانە زیاتر پەرە پێ بدرێن بۆ ئەوەی بووژانەوە و ئاشتی لە ناوچەكەدا جێگیرتر ببێت. لە بەشێكی دیكەی دانیشتنەكەدا هەر دوو لا بارودۆخی سیاسی ناوچەكە و پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق و وڵاتی توركیایان تاوتوێ كرد و پێشهاتە سیاسییەكانی عێراقیش خرایە بەر باسەوە.
