سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پارتە سیاسییە كوردییەكانی سووریا كۆبۆیەوە
لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكانی ڕۆژئاوای كوردستان كرا و بەشداربووان بیروڕای خۆیان لەبارەی باشتركردنی دۆخی سیاسیی كورد لە سووریا ئاڵوگۆڕ كرد و سەرۆك بارزانیان لەو هەڕەشانە ئاگادار كردەوە كە بەهۆی توندڕۆیی سیاسی لە كوردستانی سووریا دێتە ئاراوە. هەوروەها نوێنەرانی پارتە كوردییەكانی سووریا داوایان لە سەرۆك بارزانی كرد كە سەرپەرشتیی چارەسەركردنی كێشەكانیان بكات و كوردستانی سووریا لە هەڕەشەكان بپارێزێت.
لەو دانیشتنەدا سەرۆك بارزانی داوای لە هەموو لایەنە كوردییەكانی سووریا كرد كە گرفتەكانیان چارەسەر بكەن و ڕوانگەیەكی ستراتیژییان بۆ دواڕۆژی كوردستانی سووریا هەبێت و گوتی: ئەگەر لایەنە سیاسییەكان بۆچوونی جیاوازیشیان لە هەندێك بابەتدا هەبێ هیچ كێشە نییە گرنگ ئەوەیە كە لەڕووی ستراتیژییەوە هەموو لایەنەكان یەك ئامانجیان هەبێ ئەوەیش سەرخستنی داوا ڕەواكانی گەلی كوردە لە سووریا. لە تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكەدا سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە هەتا دروستبوونی سەقامگیری و هەڵبژاردنی ئازاد لە كوردستانی سووریا هیچ لایەنێك بۆی نییە بە مەنتقی هێز خۆی بەسەر جەماوەردا بسەپێنێت. هەروەها ئامادەبووانی كۆبوونەوەكەیشی لەوە دڵنیا كردەوە كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە لە هەموو بارودۆخێكدا یارمەتیی خوشك و برایانی كورد بدات لە ڕۆژئاوای كوردستان.
