جێگری سەرۆكی پەرلەمان پێشوازی لە شاندێكی رێكخراوی كەمئەندامانی پیشەگەرانی مین كرد
لەدیدارێكدا شاندەكە وێرای پێشكەشكردنی سوپاسگوزاری خۆیان بۆ پەرلەمانی كوردستان و هەوڵدان بۆ داكۆكی كردن لەمافەكانیان هاوكات داوایان كرد پشتگیری بكرێن بۆ ئەوەی چاو بەیاساكەیان بخشێنرێتەوەو بریندارانی مینیش هاوشێوەی شەهیدانی مین كە لەگەڵ شەهیدی سەنگەر یەكسان كراون بریندارەكانیش هەمان ئیمتیازاتی بریندارانی سەنگەر بكرێتەوە، چونكە ئەو لوغم و تەقەمەنیانەی رۆژانە كار بۆ پوچەڵكردنەوەی دەكەن زۆر مەترسیدارە و تەنانەت هەندێ لەو تەقەمەنیانە هەڵگری مادەی كیمیاویە و كاریگەری زۆر خراپی لەسەر تەندروستی یان دەبێت و هەمیشە گیانیان لەپێناو ئازادی خەڵكانی تر لەمەترسیدایە.
لەلایەن خۆشیەوە دكتۆر حەسەن محەمەد سوورە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ داواكەیان دووپاتكردەوەو رای گەیاند هەموو ئەو بەرێزانەی لەبواری هەڵگرتنەوەی مین كار دەكەن مایەی شانازی ئێمەن و بەراستی ئەوانە وەكو پێشمەرگە گیانی خۆیان دەخەنە بەر مەترسی بۆ ئەوەی خاك و هاووڵاتیانی كوردستان لەمەترسی تەقینەوەی مین بە دوور بن بەتایبەت كە ساڵانێكی زۆرە رژێمی بەعس گوند و ناوچە كشتوكاڵیە سنوریەكانی مین رێژیدەكرد و وێرای ئەوەی ئەو بەرێزانەی خۆبەخشانە كاریان بۆ پاككردنەوەی مین كردووە و بەردەوامن لەهەوڵەكانیان بەڵام هێشتا ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئەو ناوچانە ماون و لە مین پاك نەكراونەتەوە بۆیە بەڵێنی پێدان داواكەیان رەوانەی لیژنە تایبەتمەندەكانی پەرلەمان بكرێ بۆ ئەوەی لەهەموو رووێكەوە رەچاوی بارودۆخی مەعنەوی و ماددی پیشەگەرانی كاروباری مین لەهەرێمی كوردستان بكرێت.
