هێزێكی دیكەی پێشمەرگە ڕەوانەی قەرەتەپە دەكرێت و لە ناو شارەدێیەكە جێگیردەبێت
بە وتەی سەرچاوەیەك، لە دوای ساڵی 2007ەوە یەكەمجارە پێشمەرگە لەم شوێنانە جێگیر دەبێت.
سەرچاوەیەكی ئەمنی بەرپرس لە قەرەتەپە تایبەت بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: بڕیارە ئەمرۆ یەك شەممە، لە شارۆچكەی كفرییەوە هێزێكی پێشمەرگەی كوردستان ڕەوانەی شارەدێی قەرەتەپە لە ناو شارەدێیەكە جێگیربكرێت.
سەرچاوەكە، ئاماژەشیدا: هەر بۆ ئەو مەبەستە و چۆنێتی جوڵەپێكردنی هێزەكان و دابینكردنی شوێنی جێگیربونیان، بریارە بەیانی ئەمرۆ لایەنە كوردییەكان لە قەرەتەپە كۆبونەوەیەك ئەنجامبدەن.
رونیشیكردەوە، پاش ئەوەی دوێنی ئێوارە هێزێكی سەر بە فەوجی یەكی لیوای پێنجی شارەزوور ڕەوانەی قەرەتەپە كران و لە گوندی كەشكوڵ جێگیركران. ئەم جوڵە پێكردنەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ قەرەتەپە، لە دوای ساڵی 2007ەوە بە یەكەم هەنگاو دادەنرێت كە پێشمەرگە ئەو سنوورەی ئەمەریكییەكان دیارییان كردبوو، تێدەپەڕێنێت.
جوڵە پێكردنی هێزی پێشمەرگە بۆ قەرەتەپە، تا ئێستا روون و ئاشكرا نییە کە بە رێکكەوتنی نێوان هەرێم بەغدایە، یان هەر بە فەرمانی حكوومەتی هەرێم و ەزارەتی پێشمەرگەیە. ئەو هێزەش دوێنێ ئێوارە ڕەوانەی قەرەتەپە كران لە ئاڵۆزترین ناوچەی قەرەتەپە كە گوندی كەشكوڵەیە، جێگیركراون. دانیشتوانی گوندەکە، عەرەبی سوونەن و چەكدارێكی زۆری تێدایە کە ماوەی چەند رۆژێكە ڕووبەروی هێزەكانی سوپای عێراق بوونەتەوە و بەم هۆیەشەوە تا ئێستا ژمارەیەك چەكدار و سەرباز كوژراون و برینداربوون.
