سەرۆكی كوردستان میدالیای بارزانیی نەمری بەخشییە ئیسماعیل بێشكچی

سەرۆكی كوردستان میدالیای بارزانیی نەمری بەخشییە ئیسماعیل بێشكچی
27ی نیسان/ئەپرێل (گوڵان میدیا)- سەرۆكی هەرێمی كوردستان مه‌سعوود بارزانی، وه‌ك پێزانین و رێزلێنان له‌ به‌رگریكردن له‌ مافه‌ ڕه‌واكانی گه‌لی كورد و ئه‌و ئازار و سزایانه‌ی به‌و هۆیه‌وه‌ تووشی هاتوون، میدالیای ڕێزلێنانی به‌خشییه‌ نووسه‌ری ناودار و گه‌وره‌ی توركیا پرۆفیسۆر ئیسماعیل بێشكچی.


لە سەرەتای دیدارەكەدا ئیسماعیل بێشكچی خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو دیدارە و سەردانی بۆ كوردستان دەربڕی و بینینی ئاڵای كوردستان و هێزی پێشمەرگەی لە كوردستانی ئازاد بە بابەتێكی دڵخۆشكەر زانی و سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەشی كرد كە لە كوردستاندا لێی كراوە. پاشان باسی ئەو نەهامەتیانەی كرد كە لە سەدەی بیستەمدا بەسەر گەلی كورددا هاتووە و ڕۆڵ و خەباتی شێخ مەحموود و شێخ سەعیدی پیران و قازی محەمەد و بارزانیی نەمری لە بەرخودان و خۆبەدەستەوەنەدانی گەلی كورد بە گرنگ و كاریگەر وەسفكرد. مێژوونووس و دۆستی گەورەی گەلی كورد كە لە دوای ئازادبوونی لە زینداندا كوردستان یەكەمین شوێن بووە سەردانی بكات زۆر بە ئاییندەی گەلی كورد گەشبین بوو و گوتی: لە سەدەی بیست و یەك دا گەلی كورد هەموو ئەو مافانە بەدەست دەهێنێتەوە كە لە سەدەی بیستەمدا لێی زەوت كراوە.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی ئیسماعیل بێشكچی كرد و سپاس و پێزانینی خۆی و گەلی كوردی پێی ڕاگەیاند لەمەڕ ئەو ئێش و ئازارانەی لەنێو زینداندا لەپێناو بەرگریكردن لە گەلی كورد و عەداڵەتخوازیدا بینیویەتی. و گوتی: سەرباری ئەو هەموو كارەساتانەی بەسەر گەلی كورددا هاتووە بەڵام كورد بەرگری لە خۆی كرد و خۆی بەدەستەوە نەدا و بەهۆی خەباتی ڕەوای خۆی نەیهێشت كە شەڕی دژی حكوومەتە داگیركارەكان ببێتە شەڕی نێوان نەتەوەكانی ناوچەكە. ئێستایش قۆناغی شەڕ و چەكداری بەسەر چووە و قۆناغی چارەسەركردنی كێشەكانە لە ڕێگەی ئاشتییەوە. سەرۆك بارزانی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا كە كێشەی كورد لەوە دەرچووە بتوانرێ نكۆڵی لێ بكرێت. ڕاستە پێشتریش توانیان گەلی كورد بكوژن و ئازاری بدەن بەڵام نەیانتوانی ئیرادەكەی لێ بكوژن.

لە كۆتایی دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی وەك ستایش و ڕێزگرتن بۆ ئاشتیخوازی و بەرگریكردنی لە گەلی كورد میدالیای بارزانیی نەمری بەخشییە ئیسماعیل بێشكچی دۆستی گەلی كورد و گەورەنووسەری توركیا.
Top