پەیامی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سێیەمین کۆنفرانسی لاوانی هەر چوار پارچەی كوردستان
ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
لاوانی ئازیز، خوشك و برایانی خۆشەویست...
ئامادەبوانی بەڕێز...
زۆر بەخێر بێن و هیوای سەركەوتن و بەختەوەریتان بۆ دەخوازم. پیرۆزباییەكی گەرم لە ئەندامانی كۆنفڕانس و لاوانی هەر چوار پارچەی كوردستان دەكەم بە بۆنەی بەستنی سێیەمین كۆنفڕانسی لاوانی كوردستان و هیوادارم هەمیشە بەمشێوەیە یەك دڵ و یەك ئامانج بن كە ئەویش گەشەپێدان و خزمەتكردنی گەنج و لاوی كوردە لە هەر چوار پارچەی كوردستان.
ئومێدێكی زۆرم بە ئێوەی ئازیز هەیە كە هەمیشە تێبكۆشن بۆ سەربەرزیی گەلەكەمان و گەییشتن بە ڕزگاریی یەكجارەكی لە ژێر دەستی و داگیركاریدا.
داواتان لێ دەكەم هەردەم بەهێز و بە ئومێد بن و دژی ئەو دەنگ و هزرانە بوەستنەوە كە بڕوایان بەخۆ و بە تواناكانی گەلی كورد نییە و خۆیان لە خەڵكی دی بە كەمتر دەزانن. مێژوو و دەستكەوت و قوربانیدان و سەروەرییەكانی گەلی كورد بێهەژمارن و دەبێ ببنە هەوێنی بڕوابەخۆبوونی نەتەوەییمان بۆ ئەوەی هانمان بدات هەموو مافەكانی خۆمان مسۆگەر بكەین و لەسەر پێی خۆمان بوەستین و خاوەنی ئیرادە و چارەنووسی خۆمان بین.
لاوانی خۆشەویست:
ئێستا لە هەموو كاتێك گونجاوترە بۆ ئەوەی بیر لە بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی بكەینەوە بە بەشداریی هەموو لایەنە كوردستانییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان، بۆ ئەوەی بەردی بناخەی ستراتیژیی كوردستان دابنێین لە ناوچەكەدا كە لەسەر بنەمای پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیانی گەلان دەبێت.
هیوادارم كونفرانسەكەتان ببێتە دەروازەیەك بۆ بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی و هەوێنی یەكڕیزیی هەموو لایەك.
بە پێویستی دەزانم كە ئاگادارتان بكەمەوە ئێستا لەهەموو كاتێك زیاتر ئومێد هەیە گەلی كورد هەنگاوی گەورەتر بنێت و ئاییندەیەكی پرشنگدار چاوەڕوانی گەلی كوردە. سەدەی بیست و یەك، سەدەی گەلی كوردە و ئەركی ئێوەی لاو و گەنج قورستر دەبێت و پێویستە هەمووتان خۆتان بە باشی ئامادە بكەن بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەتی وڵاتەكەتان بكەن.
لە كۆتاییدا دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەكەم و هیوای سەركەوتن بۆ ئێوە و كۆنفرانسەكەتان دەخوازم.
هەر شاد و سەر فیراز بن
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
