لە زانكۆكانی كوردستان رۆژی شەهیدی زانكۆیی بەرز رادەگیرێت

لە زانكۆكانی كوردستان رۆژی شەهیدی زانكۆیی بەرز رادەگیرێت
دوای ئەوەی بە فەرمی لە لایەن سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی هەرێمی كوردستان لە كۆبونەوەی ژمارە 2ی 10ی شوباتی 2013 و بە نوسراوی فەرمی لە رۆژیی 4ی ئادار كە ئاڕاستەی دەزگا پەیوەندارەكان كراوە، بوردومانكردنی رۆژی24-4-1974 و راپەڕینی 24-4-1982 قەڵادزێ كرایە رۆژی شەهیدی زانكۆیی، دوێنێ لە گشت زانكۆكانی كوردستان بەتایبەت لە كۆلێژەكانی زانكۆی سەڵاحەددین رۆژی شەهیدی زانكۆیی بە بایەخەوە زیندوو دەكرێتەوە. د. ئەحمەد دزەیی سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەددین رایگەیاند: جگە لەوەی لە كۆلێژەكان رۆژی 24ی4 رۆژی شەهیدی زانكۆیی بەرز رادەگیرێت، ئەوا مەراسیمێكی ناوەندی لەسەنتەری رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی زانكۆی سەڵاحەددین بە بەشداری بەرپرسانی خوێندنی باڵاو ئەنجومەنی كۆلێژەكان و مامۆستایان و قوتابیان بەڕێوەدەچێت كە تێیدا چەندین چاڵاكی هەمە جۆر ئەنجام دەدرێت لە شێوەی وتار خوێندنەوەو كردنەوەی پێشانگاو نمایشی بەرنامەی دیكۆمێنتاری و خوێندنەوەی پارچە شیعری لەلایەن شاعیرانەوە.
جێی ئاماژەپێدانە لە كاتژمێر(9،45) سەر لەبەیانی رۆژی 24-4-1974 زیاتر لە 4تا 6 فڕۆكەی جەنگی لە جۆری سیخۆی Sukhoiدروستكراوی رووسی بە بۆمبی جۆری ناپاڵمی 500ی كیلۆگرامی دروستكراوی هیندستان بە چەكی قەدەغە كراوی نێودەوڵەتی بۆ یەكەمین جار لە زانكۆ و شاری قەڵادزێی مەڵبەندی شۆڕشی كوردستان تاقیكردەوە، لە ئاكامدا 132 هاووڵاتی لە قوتابی و خەڵكی بێ گوناهی ئەو شارەو زانكۆی سلێمانی ئەوكاتە شەهیدكردو زیاتر 350 كەسیش بریندار بوون.

Top