پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی بیستەمین ساڵەی گۆڤاری (گوڵان)ـەوە

پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی بیستەمین ساڵەی گۆڤاری (گوڵان)ـەوە
هەڤاڵی بەڕێز فەرهاد محەمەد، سەرنووسەری گۆڤاری گوڵان
هەڤاڵان، سكرتێری نووسین و تەواوی ستافی نووسین و هونەریی لە گۆڤاری (گوڵان)ـی ئازیز

بەبۆنەی بیستەمین ساڵڕۆژی گۆڤاری (گوڵان)ـەوە گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەكەین و دەستی ئەفراندنی یەكەیەكەتان دەگوشین و بە سوپاس و پێزانینی زۆرەوە دەڕوانینە ماندووبوون و بەرهەمی بە پێزتان كە لە گۆڕەپانی رۆژنامەگەریی كوردستانیدا شوێنی شایستەی خۆی هەیە.

ئومێدەوارین ئەو گوڵانەی كە بیست ساڵ لەمەوبەر وەكوو ئەزموونێكی نوێ یەكەم ژمارەی دەرچووەو لەم ماوەیەدا رووداوی گرنگی تۆمار و شی كردۆتەوە، بەردەوام بێ و بەرهەمی ئێوەیش رووی لە هەڵكشانی زیاتر بێ.

هەڤاڵان بەر لە بیست ساڵ دەرچواندنی گۆڤاری ( گوڵان) بڕیار و كارێكی بوێرانەی سیاسی و پیشەیی بوو. لەو سەروبەندەدا بوو كە رۆژنامەگەریی لەگەڵ یەكەمین حوكمڕانێتی خۆییدا مامەڵە بكات و گوڵان بە گوتارێكی رەخنەگرانەوە هاتە مەیدان و مەسافەیەكی وەكوو یەكی لەنێوان خۆی و تەواوی ژیانی سیاسی و ئیداری هەرێمی كوردستاندا هێشتەوەو رۆڵی بەرچاوی گێڕا لە بەرچاو رۆشنكردنەوەی حكومەت و خەڵكدا.

ئێستاش پاشی بیست ساڵ و دوای كەڵەكەبوونی ئەزموونی زۆری پیشەیی و سیاسیتان چاوەڕوانیمان لەم گۆڤارە ئازیزە هەر ئەوەیە كە درێژە بەو رۆڵەی خۆی بدات و بە شیكردنەوەی زانستی بابەتیانەو راستگۆ هاوكارو پشتیوانی هەنگاوەكانی چاكسازی سیاسی و كۆمەڵایەتی و گەشەی ئابووری و یەكڕیزی ناوماڵی كوردستانیی بێت لە بەرامبەر ئەو پڕكێشییە زۆرانەی رووبەڕووی گەلی كوردستان و دەستكەوتەكانی بۆتەوە.

جارێكی دیكە بیست ساڵەی گۆڤاری گوڵانی ئازیز لە ئێوەو ئێمەو خوێنەرانتان پیرۆز بێت.

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
Top