پەیامی پیرۆزبایی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەبۆنەی بیستەمین ساڵیادی گۆڤاری گوڵان
بەبۆنەی بیستەمین ساڵەی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان كە هاوكاتە لەگەڵ ساڵیادی دەرچوونی یەكەمین رۆژنامەی كوردی لەقاهیرەو جەژنی ڕۆژنامەگەری كوردی، لەناخی دڵمانەوە گەرمترین پیرۆزبایتان ئاڕاستە دەكەین.
گۆڤاری گوڵان بەدرێژایی تەمەنی خۆی هەمیشە هەوڵی خۆنوێكردنەوەو دەرچوونی بە شێوەیەكی پیشەییانەو بابەتیانە وەك سەكۆیەكی كراوەی بیروڕا گۆڕینەوەو وەرگرتنی راو بۆچوونی ئەكادیمی و سیاسەتوان و شارەزایان بە هەناسەیەكی سەردەمیانە داوەو توانیویەتی هەنگاوی دیارو بەرچاو ببڕێ و جێگە و پێگەی خۆی لەنێو بزاڤی ئەمڕۆی رۆژنامەگەری كوردستانی دا بكاتەوە.
وێڕای پیرۆزبایی خۆمان هیوای سەركەوتنی بەردەوامیتان بۆ دەخوازین بۆ ئەوەی درێژە بە گەشەپێدانی تواناو كارەكانتان بدەن و بەسوود وەرگرتن لەتەكنەلۆژیای پێشكەوتوو و توانای رۆژنامەنووس و نووسەرە لێهاتووەكان، وەك هەمیشە كار بۆ چەسپاندنی پرۆسەی دیموكراسی و سەرخستنی ئەم ئەزموونەی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان بكەن كە بەرهەمی خەبات و فرمێسك و ماندووبوونی سەرجەم رۆڵەكانی گەلی كوردستانە.
سڵاو لەو نووسەر و رۆژنامەنووسانەی بەدرێژایی ئەو ماوەیە لە قۆناغەكانی دەرچوونی ئەو گۆڤارەدا كاریان كردووەو رۆڵی خۆیان بینیوە.
پڕ بەدڵ هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین و ساڵڕۆژی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان و یادی رۆژنامەگەری كوردیش لەهەمووان پیرۆز بێت.
دكتۆر حسن محمد سوورە
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
