نێچیرڤان بارزانی: پێویستە هێزەکانی پۆلیس بۆ بەگژداچوونەوەی توندوتیژییەکانی دژی ژنان زیاتر کار بکەن
بەرلە نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاهەنگی دەرچوونی خولی چوارەمی ئەفسەرانی کۆلێژی پۆلیس لە سلێمانی بەڕێوە چوو کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆکی حکوومەت و کەریم سنجاری وەزیری ناوخۆی هەرێم و بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی ئامادەی بوون.
لە رێوڕەسمەکەدا ئاڵای کۆلێژی پۆلیس لەلایەن خوێندکارە دەرچووەکانەوە بە خوێندکارانی خولی ئایندە بەخشرا و دواتر فەرمانی سەرۆکایەتیی هەرێم لەلایەن لیوا سالارعەبدوڵڵا عەزیز راگری کۆلێژی پۆلیس بۆپێدانی پلەی ملازمی پلە دوو بە خوێندکارە دەرچووەکان خوێندرایەوە کە ژمارەیان 270 خوێندکارە و 21 یان کچن.
وتاری کۆلێژی پۆلیس لەلایەن راگری کۆلێژەکەوە خوێندرایەوە و وێڕای پیرۆزبایی لە دەرچووان و کەسوکاریان، داوای لەسەرجەم دەرچوان کرد لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا رێز لە هاووڵاتییان و مافی مرۆڤ بگرن و سەر و ماڵیان بپارێزن و دڵسۆزبن بە گەل و نیشتیمان.
وتاری وەزارەتی ناوخۆیش لەلایەن کەریم سنجارییەوە خوێندرایەوە و ئاماژەی دت کە یەکێک لە سەروەرییەکانی پۆلیس کە بە دەستی هێناوە ئەوەیە کە هاووڵاتییان وەک پارێزەری سەر و ماڵی خۆیان سەیریان دەکەن، بەپێچەوانەی سەردەمی بەعس کە وەک و دڕندە و داگیرکەر و داپڵۆسێنەر سەیریان دەکردن.
داوایشی کرد، هێزەکانی پۆلیس کار بۆ زیاتر چەسپاندنی ئەو هەستەی هاووڵاتییان و زیاتر خزمەتکردنیان بکەن.
دواتر نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وتەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد کە دیموکراسی و پارێزگاریکردن لە مافەکانی مرۆڤ دەبێت بەردەوام لە پێشینەی کارەکانی پۆلیسدا بن، هەروەک خۆشحالیی خۆشی دەربڕی لە بەرامبەر پاراستنی مافی مرۆڤ و بەرگریکردن لە ژنان و رێگریی لە پێشێلکردنی مافەکانیان وتیشی: پێویستە هێزەکانی پۆلیس زیاتر کار بکەن بۆ بەگژداچوونەوەی توندوتیژییەکانی دژی ژنان.
