شەرقولئەوسەت لە زاری هێمن هەورامییەوە: دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا شکست ببەن، جیابوونەوە یەکێک لە بژاردەکانە

شەرقولئەوسەت لە زاری هێمن هەورامییەوە: دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا شکست ببەن، جیابوونەوە یەکێک لە بژاردەکانە
18ی نیسان/ئەپرێل (گوڵان میدیا)- بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، ئەگەر دانوستانەكان سەرنەكەون و لیژنە سەربازی و داراییەكە نەگەن بە ئەنجامێكی ئەرێنی، ئەوكات كەس گلەیی ئەوە ناكات كە كورد پەنا بۆ بژاردەی دیكە ببات و پەرلەمانی كوردستان دوابڕیاری خۆی بدات. گوتیشی ئەگەر بڕیار بە مانەوە لە بەشداریی دۆخی ئێستا یان دابڕان بێت؛ بڕیاردان لە مافی چارەنووسیش یەكێك لە بژاردەكان دەبێت بەوپێیەی كە پەرلەمان نوێنەرایەتیی گەل دەكات.
ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی لەندەنی، لە ژمارەی ئەمڕۆ پێنجشەممەیدا و لەهەمبەر دۆخی عێراق و هەوڵە دانوستانكارییەكان لەپێناو كۆتاییهێنان بە قەیرانەكان، لە زاری هێمن هەورامییەوە بڵاوی كردووەتەوە، كە لە ئەگەری شكستی دانوستانەكانی ئێستا لەگەڵ بەغدا \"كۆی حیزب و هێزە كوردستانییەكان كۆكن لەسەر پێویستیی هەڵوێستی یەكلاكەرەوەی هەرێم بەرانبەر بە قەیرانی سیاسیی ئێستا، هەروەها هەوڵەكانی مالیكی لە پەراوێزخستنی كورد وەك ئەوەی بەرانبەر بە عەرەبی سوننەیش كردوویەتی.\""

هەورامی دەڵێت، سەرۆكی هەرێم لەگەڵ كۆی سەركردەكانی حیزبەكان كۆ بووەتەوە و بە قووڵی هەڵوێستی كوردیان خستووەتە بەر باس، بڕیاریش درا كە دەرفەتێكی دیکە بە حكوومەتی فیدراڵ و مالیكی و ئیئتیلافەكەی بدرێت تا بە هەڵەكانی خۆیدا بچێتەوە و بۆ شەراكەتی حەقیقی بگەڕێتەوە و تەوافوقی سیاسی بەكردەیی بكرێت، هاوكات داواكارییەكانی كورد كە پێوەندییان بە جێبەجێكردنی ماددەی 140 و موستەحەقاتی نەوت و بودجەی پێشمەرگەوە هەیە بەرجەستە نەبن، ئەوا ئەو كات هەردوو حیزبە سەرەكییەكە(پارتی و یەكێتی) دەگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان و پاش ڕوونكردنەوەی پێویست بڕیار و دواهەڵوێست بۆ پەرلەمان دەبێت.
دەربارەی ناڕۆشنیی هەڵوێستی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایش بەرانبەر بە قەیرانی سیاسیی عێراق، بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، ڕایگەیاند \""پێویستە ئیدارەی سەرۆك ئۆباما هەڵوێستی خۆی یەكلا بكاتەوە، پشتیوانیی لایەنێك دژبە لایەنێكی دیكە نەكات، لانی كەم پێویستە بە بێلایەنی بمێنێتەوە تا لایەنێك بە هۆی پشتیوانییەكانی ئەمەریكاوە بەرانبەر بە لایەنەكەی دی بەهێزتر دەرنەكەوێت، لەسەر ئەو ئیدارەیەیش پێویستە، بەرلەوەی لە بەرژەوەندیی لایەنێك بێتە نێو كێشەوەكەوە لە سروشتی قەیران و كێشە ئاڵۆزەكان تێبگات.\"" "
Top