نێچيرڤان بارزانى: ئه‌وه‌ى له تواناى حكوومه‌تدا بێت بۆ ناوچه‌ى خۆشناوه‌تى ده‌كات
به ناوی خوا،
خه‌ڵكی خۆڕاگری كوردستان،
كه‌سوكاری شه‌هیدان،
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز، سڵاوتان لێ بێت..
خۆم به سه‌ربه‌رز ده‌بینم كه ئه‌مڕۆ له‌و ناوچه شۆڕشگێڕه‌ی كوردستان له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا ڕێز له شه‌هیدانی كیمیاباران و ئه‌نفال ده‌گرین. سه‌ری ڕێز له به‌رده‌م یاد و ڕووحی پاكی ئه‌و شه‌هیدانه داده‌نه‌وێنين.
به‌ڕێزان..
ئه‌م ناوچه‌یه خاوه‌ن چیڕۆكی پڕ له سه‌روه‌رییه له مێژووی شۆڕشگێڕی كوردستاندا، بۆیه‌ش له كاتی ئه‌نفاله‌كاندا ڕژێمی به‌عس به ڕقێكی زۆره‌وه هێرشی كرده سه‌ر. كیمیابارانكردن، دوای ئه‌وه‌ش ئه‌نفالكردن، ئه‌و مه‌رگه‌ساته‌ی ڕژێمی عێراق به سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌ی هێناوه، ته‌نیا له مێژووی ڕژێمه‌كانی وه‌ك ڕژێمی به‌عسدا جێگه‌ی ده‌بێته‌وه.
ئێواره‌ی 16ی نیسانی 1987، ڕژێم؛ شێخ وه‌سانان، بالیسان و كانی به‌ردێی كیمیاباران كرد، ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی ئه‌و ناوچه‌یه شه‌هید بوون. كاتی خۆی كه سه‌ربازانی ڕژێمی به‌عس دوای دوو ڕۆژ بریندارانی ئه‌و كیمیابارانهیان بردنه نه‌خۆشخانه له هه‌ولێر، دوای 9 ڕۆژ هه‌ر له نه‌خۆشخانه‌كاندا، پیاوه‌كان له خێزانه‌كانیان جیا كرانه‌وه و ئه‌نفال كران و تا ئێستاش بێ سه‌روشوێنن؛ وه‌ك سه‌دان هه‌زار ئه‌نفالكراوی دیكه‌ی ووڵاته‌كه‌مان. كیمیابارانی ڕژێم له ڕۆژی 31ی ته‌ممووزی 1987 له‌و ناوچه‌یه دووباره بووه‌وه له قاسماوهی بالیسان و توتمه و خه‌تێ.
چاوی ڕقی ڕژێمی عێراق له‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه بوو، وه‌ك زۆر له ناوچه‌ی دیكه‌ی كوردستان، چونكه ئه‌و ناوچه‌یه یه‌كێك بوو له مه‌ڵبه‌نده‌كانی شۆڕش. ڕژێم له‌و ناوچه‌یه‌دا خانووه‌كان و كانیاوه‌كانی به TNT ته‌قاندنه‌وه و ڕه‌ز و باخه‌كانى سووتاند، لێره نموونه‌یه‌كی دیكه‌ی دڕنده‌یی به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی كوردستان تۆمار كرد.
ڕۆڵی ناوچه و خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ری خۆشناوه‌تی له شۆڕشی ئهیلوول و شۆڕشی گوڵان و شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مان زۆر دیار و به‌رچاوه. ئه‌و ناوچه‌یه مه‌ڵبه‌ندی باره‌گاكانی پێشمه‌رگه بوون، شوێنی باره‌گای مه‌ڵبه‌ند و لق و حیزبه‌كان بوون له كاتی شۆڕشدا. خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه زه‌حمه‌تییه‌كی يه‌كجار زۆریان كێشاوه، وه‌ك پێشمه‌رگه، وه‌ك هێزی به‌رگريی میللی و هه‌روه‌هاش ڕۆڵێكی گه‌وره‌یان بینیوه له خزمه‌تكردن و حه‌واندنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه له‌م سنووره‌دا.
ئه‌وه تۆمارێكی شۆڕشگێرانه‌ی ناوچه‌ی خۆشناوه‌تییه و هیچ كاتێك له بیر ناكرێت، زه‌حمه‌تی و به‌رخۆدان و خزمه‌تكاریی ناوچه‌ی دۆڵی بالیسان و شێخ وه‌سانان له بیری هه‌موو شۆڕشگێڕان و پێشمه‌رگه دێرینه‌كاندا هه‌تا ئێستاش زیندووه و ئه‌وان ئێستاش بۆ نه‌وه‌ی نوێ شانازى به‌و سهروهريانه ده‌كه‌ن و بۆيان باس ده‌كه‌ن.
خه‌ڵكی خۆڕاگری بالیسان و شێخ وه‌سانان..
ئێمه وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ست به ئازاره‌كانی به‌ركه‌وتووانی چه‌كی كیمیاوی ده‌كه‌ین، ده‌زانین چه‌ند ساڵه چ ئازارێكی سه‌ختی تێكه‌ڵی ژیانی ئێوه كردووه، به‌ڵام چه‌كێكی قه‌ده‌خه‌ی وه‌ك چه‌كی كیمیايی؛ كاریگه‌رییه‌كه‌ی و چاره‌سه‌ری بنبڕی؛ زۆر جار له توانای چاره‌سه‌ری پزیشكان به‌ده‌ره. ئێوه‌ی قوربانیانی چه‌كی كیمیايی ژیانی ناخۆشتان بینی، به‌ڵام ئیراده‌ی خوای گه‌وره وای كرد مه‌رگی ئه‌و تاوانبارانه‌ش ببینن كه بڕیاری كیمیاكردنی ئێوه‌یان دا.
وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان ڕاسپێردراوه كه هه‌رچی له توانایدا بێت بیكات بۆ به‌ركه‌وتووان و بریندارانی چه‌كی كیمیايی، هه‌وڵ بدات باشترین چاره‌سه‌ریان بۆ بكرێت، ئێمه له‌و هه‌وڵانه‌ش به‌رده‌وام ده‌بین بۆ چاره‌سه‌ركردنی به‌ركه‌وتووانی چه‌كی كیمیايی له كوردستان، ئه‌وانه‌ى كه پێويسته له كوردستان چاره‌سه‌ر بكرێن، يان له ده‌ره‌وه‌ى ووڵات.
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز..
هه‌موو ناوچه‌یه‌كی كوردستان شایانی ئاوه‌دانكردنه‌وه و بایه‌خپێدانی زیاتره، ئه‌و ناوچه‌یه‌ش به هه‌مان شێوه شایانی بایه‌خدانى زیاتره. مرۆڤ دڵخۆشه كه دوای شاڵاوه دڕندهكهى ڕژێم ئێستا ئاوه‌دانییه‌كی به‌رچاو له‌و ناوچه‌يه‌دا ده‌بینێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌بینين كه له ڕووی جاده و له ڕووى نه‌خۆشخانه و پێداويستيى تر زۆر كارى زياتر له‌وه‌ش ماوه كه ده‌بێ له‌م ناوچه‌يه‌دا بكرێت. بۆیه‌ش هه‌ر لێره‌وه پێتان ڕاده‌گه‌يه‌نين كه ده‌زگاكانی ناوچه‌كه و پارێزگاری هه‌ولێر ڕاده‌سپێرین تا له كه‌موكوڕییه‌كانی ناوچه‌كه بكۆڵنه‌وه و به پێی توانای حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دڵنياتان دهكهينهوه ئه‌وه‌ى له تواناى ئێمه‌دا بێت بۆ خزمه‌تكردنى زياترى ئه‌م ناوچه‌يه، جێبه‌جێى ده‌كه‌ين.
هه‌ر لێره‌شدا ئه‌وه دووپات ده‌كه‌ینه‌وه كه حكوومه‌تی فیدرالیی عێراق ئه‌ركی ئه‌خلاقی و یاسایی خۆی جێبه‌جێ نه‌كردووه به‌رامبه‌ر ناوچه كیمیابارانكراوه‌كانی كوردستان و كه‌سوكاری قوربانیانی كیمیاباران و ئه‌نفال. بۆ ئه‌وه‌ی ئاینده‌یه‌كی باش بۆ عێراق دروست بكرێت ده‌بێ ئه‌و برینانه ده‌رمان بكرێن و بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت له لایه‌ن حكوومه‌تی فیدرالیی عێراقه‌وه بۆ ئه‌و ناوچانه دابنرێت كه به پێی ڕووپێوێكی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و كاروباری ئه‌نفالكراوانی هه‌رێمی كوردستان كه له سه‌رده‌می كابینه‌ی پێنجه‌مدا كراوه؛ ته‌نها زیانه‌كانی وێرانكاريی ئاوه‌دانی و ئاژه‌ڵداری و كشتوكاڵیی گونده‌كانی هه‌رێمی كوردستان بایی زیاتر له 9 ملیار دۆلاره. ئێمه له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به بودجه‌يه‌كى تایبه‌ت هه‌ندێ كارمان بۆ ئه‌و ناوچانه كردووه، به پێی تواناكانمانيش دڵنياتان دهكهينهوه كه به‌رده‌وام ده‌بين له‌سه‌ر ئه‌و كارانه.
هه‌روه‌ها ئه‌ركێكی یاساییه له‌سه‌ر شانی حكوومه‌تی فیدرالیی عێراق كه بڕیاری دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق جێبه‌جێ بكات به قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كه‌سوكاری قوربانیانی جینۆساید. تا ئێستا كه ئه‌مه‌ی نه‌كردووه؛ ئێمه ئه‌وه به پێشێلكاريى ياسايى و ئه‌خلاقى دهينرخێنين.
بڕیاری ئێمه بووه وه‌ك كابینه‌ی حه‌وته‌م كه له‌سه‌ر ئاستی جیهانی و نێوده‌وڵه‌تی بایه‌خی زیاتر به ناساندنی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژیانه بده‌ین كه به‌رامبه‌ر به گه‌لی كوردستان كراون، له‌و بواره‌شدا هه‌مووتان ئاگادارن كه له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مانه‌كانی ئه‌ورووپا هه‌نگاوی باش نراوه، پێويست به‌وه ده‌كات به‌رده‌وام هه‌وڵى خۆمان بخه‌ينه گه‌ڕ بۆ ناساندنى جينۆسايد ده‌رهه‌ق به گه‌له‌كه‌مان له سه‌رانسه‌رى دنيادا. ئێمه چاومان له بڕیاری گه‌وره‌ترى وڵاتانی جیهانه بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه له دووباره‌بوونه‌وه‌ی جینۆساید بگرن، هه‌روه‌ها له كوردستانیشدا یاده‌كانی كیمیاباران و ئه‌نفال، به به‌شداريی كه‌سایه‌تی و پسپۆڕانی جیهانی به‌ڕێوه بچێت.
ئێمه بۆ ئه‌و هه‌نگاوه گرنگانه‌ش سوپاسی نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، په‌رله‌مانتارانی كورد و دۆستانی كورد له په‌رله‌مانه‌كانی جیهان و ڕێكخراوه كوردییه‌كان و ڕه‌وه‌ندی كورد به شێوه‌يه‌كى گشتى و دۆستانی كورد له ده‌ره‌وه ده‌كه‌ين بۆ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى هه‌تا ئێستا هاوێژراون.
خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی كوردستان..
هێشتا كاری زۆر ماوه بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه كوردستانێكی ته‌واو ئاوه‌دان و پڕ له خزمه‌تگوزاری، ئه‌وه‌ی ئه‌ركی حكوومه‌ت بێت ده‌یكات و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات؛ چونكه خزمه‌تكردنى هاووڵاتيانى كوردستان شه‌ره‌فێكی گه‌وره‌یه بۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان؛ به تایبه‌تیش دوای ئه‌و جینۆساید و وێرانكارییه‌ی به‌سه‌ر كوردستان هێنرا.
لێره‌وه وشیاريی خه‌ڵكی كوردستانیش زۆر گرنگه به‌رامبه‌ر ئه‌ركه‌كانی وه‌ك هاووڵاتيی ووڵاتێكی وه‌ك كوردستان، هێشتا زۆر پرۆسه‌ی دیموكراتی و حوكمداری هه‌ن كه ده‌بێ له ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌نديی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانپهروهرييهوه سه‌يرى بكه‌ین. هه‌ر لێره‌شدا بانگه‌وازی هه‌موو خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه دابڕاوانه ده‌كه‌ین كه هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی تێدا ده‌كرێت؛ بچن بۆ ده‌نگدان و به شێوه‌یه‌كی زۆر چالاكانه به‌شداری له هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكاندا بكه‌ن.
هه‌ر لێره‌شدا ده‌مه‌وێ ئه‌وه ڕابگه‌یه‌نم كه پرۆسه‌ی دیموكراسی له كوردستان له كه‌شێكی زۆر ته‌ندروستدایه، به تایبه‌تی كه له كوردستان په‌رله‌مانێكی چالاكمان هه‌یه، هه‌روه‌ها به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان زه‌مانه‌تێكی گرنگی دایه پرۆسه‌ی دیموكراتی كه ماوه‌ی دیاری كرد و نه‌يهێشت هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌وه زياتر دوا بكه‌ون. ئه‌ركی هه‌موو لایه‌نه‌كانی كوردستانه، به لایه‌نه‌كانى ده‌سه‌ڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنه‌وه به مهسئوولیهتێكی زۆره‌وه هه‌ڵسوكه‌وت له‌سه‌ر ئه‌م مهسهلهيه بكه‌ن، چونكه ئه‌ركی زۆر گه‌وره‌ی نیشتیمانی له‌سه‌ر شانی هه‌موو لایه‌كه و پێویستیمان به یهكڕیزییهكی ئه‌وتۆیه كه بتوانین به هێزێكی زۆره‌وه پێداگیری له‌سه‌ر مافه‌كانمان بكه‌ین و شه‌رمه‌زاری نه‌وه‌ی داهاتوومان نه‌بین.
لێره‌وه دووباره ده‌مه‌وێ سه‌ری ڕێز و نه‌وازش بۆ شه‌هیدانی ئه‌و ناوچه‌یه و هه‌موو كوردستان دابنوێنم و سوپاسى هه‌موو لايه‌كتان بكه‌م بۆ بهشداريكردنتان له‌و مه‌راسيمه و ديسانه‌وه ته‌ئكيد ده‌كه‌مه‌وه كه ئه‌وه‌ى له تواناى ئێمه‌دا بێت وه‌ك حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ خزمه‌تكردنى ئه‌م ناوچه‌يه ئه‌ركى خۆمانه و ئێوه شايسته‌ى هه‌موو خزمهتكوزارييهكن له چوارچێوه‌ى توانا و ئه‌ركى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا.
هه‌موو لايه‌كتان ديسان به خێر بێن به‌سه‌ر چاو، زۆر سوپاس.
