مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ساڵی نوێی كوردانی ئێزیدی پیرۆز دەكات
كوردانی ئێزیدی بەشێكی رەسەنن لە نەتەوەی كورد و لە مێژووی خەبات و بەرخودان و شۆڕشەكاندا دژی زوڵم و ستەم و پاكتاوكردنی نەتەوەیی رۆڵی كارایان هەبووە.
كوردانی ئێزیدی لەسەر دەستی حوكمڕانە شۆفێنییەكان دووچاری دووجار زوڵم بوونەتەوە، یەكێكیان لەبەر ئەوەی كوردن، دووەمیش لەبەر ئەوەی ئێزیدین و دەرەنجام قوربانی زۆریان داوە كە شایستەی رێز و قەدرگرتنی زۆرە و وەكوو شانازییەكی گەورە لە مێژووی گەشی گەلەكەمان و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستانیدا تۆماركراوە.
بۆیە مافی سروشتی خۆیانە كە سوودمەند بن لە هەموو دەستكەوتەكان و بەشداربن لە بونیاتنانی وڵات و گەشەپێدانیدا. لەو پێناوەشدا پارتیمان پارتی دیموكراتی كوردستان پشتەوانی كردنی ئەو مافانە بە ئەركی حاشاهەڵنەگری خۆی دەزانێ و كار بۆ بەدیهێنانیان دەكات.
جارێكی دیكە پیرۆزبێ هاتنەوەی چوارشەمبا سوور و ساڵی نوێی كوردانی ئێزیدی.
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
