هاوپەیمانی كوردستانی: بەهیچ شێوەیەك نەمگوتووە مالیكی بەڵێنی داوە سەرجەم داواكارییەكانی كورد جێبەجێ بكات
موئەیەد تەیب وتەبێژی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا بۆ kdp.infoگوتی: وەفدی ئێمە كە چووە بەغدای پایتەختی عێراق لە گەڵ هەر یەك لە نوێنەران و سەركردەكانی هاوپەیمانی نیشتمانی و نوری مالیكی بەجیا كۆبوونەوەو گفتوگۆی ئەنجامدا هەروەك ئەندامانی شاندەكە ئاماژەیان بەوە كردووە كە دانیشتنەكان ئەرێنی بووە و لایەنی بەرامبەر كە هاوپەیمانی نیشتمانی و مالیكیە ئامادەیی خۆیان نیشانداوە كە كێشەكان بەپێی دەستوور چارەسەر بكەن،م بەڵام هەروەك لە چەند دەزگایەكی راگەیاندن بڵاوبوەوە كە گوایا من گوتووە مالیكی بەڵێنیداوە كە سەرجەم داواكارییەكانی كورد جێبەجێ بكات، لەراستیدا من بەهیچ شێوەیەك وامنەگوتوە تەنها گوتومە ئامادەن كێشەكان بە گفتوگۆ و لەچوارچێوەی دەستور چارەسەر بكەن.
ناوبراو گوتیشی: من ئەندامی ئەو شاندە كوردیە نەبوومە كە سەردانی بەغدایان كرد بۆیە ئەو زانیاریەی هەشمە لەزاری ئەندامانی شاندەكە بیستوومەو بۆ راگەیاندنەكانم گواستۆتەوە.
