ئاماری تەقینەوەکانی ئەمڕۆی کەرکوک

ئاماری تەقینەوەکانی ئەمڕۆی کەرکوک
15ی نیسان/ئەپرێل (گوڵان میدیا)- بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کەرکووک زنجیرەیەک تەقینەوەی یەک لە دوای یەک روویدا, سەرچاوەیەک لە تەندروستی کەرکوک رایگەیاند, لە ئاکامی ئەو تەقینەوانە ٤٤ کەس بوونەتە قوربانی بە کوژراو بریندارەوە.

لەمبارەیەوە سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکووک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند: سەر لە بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر ٧:٤٥ خولەک تەقینەوەی یەکەم بە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە گەڕەکی ئەلماس ڕوویدا زیانی گیانی و مادی زۆری لێکەوتەوە.
سەرچاوەکە گووتیشی: خولەکێک دوای ئەو تەقینەوەیە, تەقینەوەی دووەم, لە گەڕەکی قەسابخانەی شارەکە نزیک بنکەی پۆلیسی ئازادی روویدا کە ئەمیش ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو بوو, بەھەمانشێوە ژمارەیەک کەسی دیکەی کردە قوربانی, دواتر لە گەڕەکی پەنجا عەلی شارەکە ئۆتۆمبێلی سێیەم تەقیەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەیدا: دواتر لە پیشەسازی کەرکووک لە کاتی تێپەڕبوونی کاروانێکی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراوی تەقیەوە لە ئاکامدا بوو ھۆی برینداربوونی چوار پێشمەرگە, پاشان لە سەر رێگای کەرکووک - ھەولێر لە نزیک بازگەی پردێ ئۆتۆمبیلی پێنجەم تەقیەوە بەڵام ھیچ زیانی نەبوو.
سەرچاوە ئەمنیەکە ئەوەشی وت: تیرۆرستا دەیانەوێت بەم کارە ھاوڵاتیانی عیراق بترسێنن بۆ ئەوەی روو لە سندوقەکانی دەنگدان نەکەن, کە بریارە بە ٢٠ی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت, لەھەمان کاتدا ھیزە ئەمنییەکانی کەرکوک بەرنامەی ئەمنی تایبەتیان ھەیە بۆ راگرتنی ئارامی رۆژی دانگدان.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەک لە تەندروستی کەرکووک رایگەیاند: تاکو ئێستا چوار کوژراو گەیشتووەتە ھۆبەی دادی پزیشکی کەرکووک زیاتر لە ٤٠ برینداریش گەیشتوونەتە نەخۆشخانەکانی شارەکە بەمەبەستی چارە سەرکردنیان.
سەرچاوەکەی تەندروستی ئاماژەی بەوەشدا: بەگشتی بریندارەکان باری تەندورستیان جێگیرە و جگە لە چەند بریندارێک نەبێ کە بەسەختی بریندرا بوون ئەویش بەتەواوی خراونەتە ژیر چاودێری پزیشکەوە.
Top