جایكای ژاپۆنی پرۆژەگەلێكی پێشكەوتووی سەوزەو میوە لە كوردستان جێبەجێ دەكات

جایكای ژاپۆنی پرۆژەگەلێكی پێشكەوتووی سەوزەو میوە لە كوردستان جێبەجێ دەكات
14ی نیسان/ئەپرێل (گوڵان میدیا)- پ. سیروان بابان وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو پێشوازی لە شاندێكی رێكخراوی جایكای ژاپۆنی كرد بە سەرۆكایەتی كاتسوتوشی فوشمی بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوەكە لە عیراق .

لە دیدارەكەدا كەهەردوو بەڕێوەبەرانی گشتی پلان و توێژینەوەو رێنمایی كشتوكاڵ ئامادەی بوو، چەندین تەوەر خرانە بەرباس لەوانە جێبەجێ كردنی چەندین پرۆژە لە بواری سەوزەو میوە، ،سەبارەت بە سەوزەش جایكا ئاماژەی بە چەند هەنگاوێكی ئەم پرۆژەیە كرد كە بریتین لە:پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی میكانیكیانەی شەتڵا و هێنانی شارەزاو پسپۆر بۆ چارەسەركردنی نەخۆشییە قورسەكان،هاوكات ئەنجامدانی رووماڵێكی تایبەتی لەسەر نیشانەكانی ئەو نەخۆشییانەی تووشی بەروبوومی تەماتە دەبن.

لە تەوەرێكی دیكەی تایبەت بە سەوزە هەردوو لا ئاماژەیان بەئەنجامدانی تاقیكردنەوەی نوێ كرد تایبەت بە چاندن لەناو خانووی پلاستیكدا،سەبارەت بە میوەش جایكا بە نیازە لە پرۆژەیەكدا رووماڵێكی سەرتاسەری بكات سەبارەت بەو نەخۆشییانەی تووشی هەندێ میوە دەبن كە ناوكەكانیان بەردینن وەكو خۆخ و زەردەلوو و هی دیكە،هاوكات جەختكرایەوە لەسەر دابین كردنی جۆری نایابی گەنم و برەودان بە ئاستی زانستیی كادیرانی كشتوكاڵ لە میانی مەشق و راهێنان لەسەر شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ پێشكەوتنە میكانیكییەكانی چاندنی ئەم دانەوێڵەیە،هاوكات پێشخستنی تاقیگەكانی گەنم بۆ دەست نیشانكردنی نەخۆشییەكان و چارەسەركردنیان.

هەروەها بەگەڕخستنی كارگەكانی پاككردنەوەی گەنم لە هەرێمی كوردستان و هێنانی جۆری تازەی گەنم كە بڕی بەرهەمەكەی لە ڕووبەری بچووكدا زۆر زیاد بكات لەلای خۆشیەوە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئاماژەی بە گرنگیی ئەم پرۆژانە كردو جەختی كردەوە لەسەر سوود وەرگرتن لە تەكنیكی سەردەم و شارەزایی زانستی لە بوارە جیاجیاكانی كشتوكاڵ و دووپاتیشی كردەوەو كە وەزارەت لە پلانی دایە بەردەوام كار بكات بۆ گەیشتنی هەرێم بە تێراخۆ لە سەوزەو میوە و هاندانی جووتیاران كە بایەخ بە بڕوجۆری بەرهەمەكانیان بدەن كە ببێتە بنەمایەك بۆ دانانی ئاستێك لە هاوردەكردنی بەروبوومی دەرەوە و زیاتر گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆ كە خۆشبەختانە ئێستا لە زۆر سەوزەو میوە هەرێم پشت بە خۆی دەبەستێت، هاوكاری و هەماهەنگیی وەزارەتیشی بۆ سەرخستنی پرۆژەكانی جایكا لەو بوارانەدا خستەڕوو.
Top