بەرشلۆنە شاندە ئەكادیمییەكەی كوردستان سەردانی چەند زانكۆیەكی ئیسپانیان كرد

بەرشلۆنە شاندە ئەكادیمییەكەی كوردستان سەردانی چەند زانكۆیەكی ئیسپانیان كرد
14ی نیسان/ئەپرێل (گوڵان میدیا)- لە چوارچێوەی سەردانەكەیاندا بۆ ئیسپانیا، شاندی سەرۆك زانكۆكانی هەرێمی كوردستان لە شاری بەرشلۆنە لەگەڵ هەردوو زانكۆی پۆلیتەكنیكی كەتەلۆنیاو ئۆتۆنۆمەی بەرشلۆنە كۆبونەوە.
لە سەرەتای سەردانەكەیاندا وەفدە ئەكادیمییەكەی كوردستان لە ڕێكەوتی 10/4/2013 سەردانی زانكۆی ئۆتۆنۆمەی بەرشلۆنەیان كردو لەلایەن سەرۆكی زانكۆ و یاریدەدەرانی بۆ كاروباری زانستی و توێژینەوەی زانستی و لێپرسراوانی ئۆفێسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی زانكۆكە پێشوازیان لێكرا.

دواتر سەرۆكی زانكۆی ئۆتۆنۆمە سمینارێكی لەبارەی زانكۆكەیان پێشكەشكرد كە لەسەر ئاستی وڵاتی ئیسپانیا لە ڕیزبەندی یەكەمدایەو لەسەر ئاستی ئەوروپا لە ڕیزبەندی 76میندایەو لەسەر ئاستی جیهانییش لە ڕیزبەندی 176مینی زانكۆ جیهانییەكاندایە، لە بەشێكی سمینارەكەدا ئاماژەی بەو ڕێككەوتننامەیەدا كە لەگەڵ زانكۆی سەڵاحەددین هەیانە، بۆ ئەوەش سوپاسی پرۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەددینی كرد كە هاریكاری زانكۆكەیان بووە لە جێبەجێكردنی كارەكانی مامۆستایانیان لە بواری شوێنەوار، هەروەك هیوای سەركەوتن و بەردەوامیشی بۆ خواست.


پاشان دكتۆر سەڵاح سەعید عەلی سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بەنوێنەرایەتی وەفدە ئەكادیمیەكەی كوردستان سمینارێكی لەبارەی دۆخی خوێندنی باڵا لە زانكۆكانی كوردستان پێشكەشكرد، لە سمینارەكەیدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە دەكرێت هاریكاری و هەماهەنگی لە نێوان زانكۆكانی كوردستان و ئیسپانیا بكرێت لە پڕۆژەی تواناسازی و خوێندنی دكتۆراو توێژینەوەی هاوبەش و ئاڵوگۆڕی قوتابیان و خوێندكاران و مامۆستایان لە گشت بوارە زانستییەكاندا.


لە وێستگەیەكی دیكەی سەردانەكەیاندا و، لە ڕێكەوتی 11ی نیسانی 2013 وەفدێكی زانكۆكانی پولیتەكنیكی هەولێرو سلێمانی و دهۆك بەیاوەری دابان شەدەڵە نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئیسپانیا سەردانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی كەتەلۆنیایان كرد و، لەلایەن پرۆفیسۆر پیدرۆ دیاز یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆكە بۆ كاروباری نێونەتەوەی پێشوازیەكی گەرمیان لێكراو، لە دیدارێكدا سەرۆكی زانكۆكە بەكورتی باسیان لە سیستەمی خوێندن و پڕۆژەكانی زانكۆكەیان كرد، پاشان وەفدی زانكۆكانی پۆلیتەكنیكی كوردستان دوا گۆڕانكارییەكانی خوێندنی تەكنیكی لە هەرێمی كوردستان و سوود وەرگرتن لە ئەزمونی خوێندنی زانكۆی كەتەلۆنیایان خستەبەر باس، ئینجا سەردانی كۆلێژو بەشە زانستییەكانی زانكۆكەیان كردو هەردوولا درێژەدان بەپتەوكردنی پەیوەندییەكانیان و ئامادەكردنی یاداشتنامەی لەیەكگەیشتنیان دووپاتكردەوە تا لە داهاتوودا لە بواری تەكنیكیەوە هاریكاری زانكۆ تەكنیكیەكانی كوردستان بكەن و ئاڵوگۆڕی زانیاری و خوێندنی ماستەرو دكتۆراش بەشێكی گرنگی ئەو هاریكارییانە دەبێت.


ئەو سەردانە ئەكادیمیەی وەفدی زانكۆكانی كوردستان دوابەدوای سەردانی وەفدی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان دێت بەسەرۆكایەتی عیماد ئەحمەد جێگیری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە وەزیرانی حكومەت بۆ ئیسپانیا كە لە هەفتەی ڕابردوو ئەنجامدرا، هەروەك بۆ یەكەم جاریشە وەفدێكی لەو ئاستە باڵایەی ئەكادیمی و زانستی سەردانی یەكێك لە وڵاتانی جیهانی بكات، واش بڕیارە لە ڕۆژانی ئایندەدا وەفدەكە سەردانی زانكۆ ئیسپانیەكان لە هەردوو شاری مەدریدو بەرشلۆنە بكات.
Top