سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له جێگری پێشووی وه‌زیری ده‌ره‌وه و ئه‌ندامی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی ئیتاڵیا ده‌كات
له دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵی خۆی به دیداری سه‌رۆك بارزانی و سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و رایگه‌یاند: ئیتاڵیا به وردی و په‌رۆشییه‌وه چاودێری گۆڕانكارییه‌كانی عێراق ده‌كات، ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌شی له‌به‌رچاوه، كه له هه‌رێمی كوردستان به‌دیهاتوون، كه گوزارشت له چیرۆكی سه‌ركه‌وتنی كوردستان ده‌كه‌ن.
له‌لای خۆیه‌وه سه‌رۆك بارزانی وێڕای به گه‌رمی به‌خێرهێنانی شاندی میوان، باسی له ته‌نگژه‌كانی عێراق و مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی دیكتاتۆری كرد و شاندی میوانیشی له هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان به‌رامبه‌ر ته‌نگژه‌كان ئاگادار كرده‌وه و رایگه‌یاند: هه‌رێمی كوردستان به هیچ شێوه‌یه‌ك رازی نابێت پرۆسه‌ی سیاسی عێراق به لاڕێدا ببرێت و پره‌نسیپی ته‌وافوق و شه‌راكه‌تی راسته‌قینه پێشێل بكرێ.
هه‌ر په‌یوه‌ست به ناكۆكیی و ته‌نگژه‌كانی عێراق به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گوتی: هه‌رێمی كوردستان له ناكۆكی و ململانێی تایفییدا لایه‌ن نییه ، به‌ڵام لایه‌نێكی ململانێی سیاسی وڵاته. بۆیه ئه‌گه‌ر پره‌نسیپی ته‌وافوق و شه‌راكه‌ی راسته‌قینه نه چه‌سپا، هه‌رێمی كوردستان بیر له بژارده‌ی دیكه ده‌كاته‌وه.
هه‌ر له‌و دیداره‌دا شاندی میوان ده‌ستخۆشی له رۆڵی سه‌رۆك بارزانی كرد بۆ سه‌قامگیری و دیموكراسیی هه‌رێمی كوردستان و هه‌وڵه‌كانی بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی ئاشتی له توركیادا.
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌دا باس له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا كرا و ئه‌ندامی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی ئیتاڵیا هیوای په‌ره‌پێدانی زیاتری بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه، به تایبه‌تی له بواری ئابووری و وه‌به‌رهێنانی هاوبه‌ش و هاتنی كۆمپانیاكانی ئیتاڵیا خواست.
