بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی گەرمیان هەڵمەتی وشیاری لە ناوەندەكانی خوێندن ئەنجامدەدات

بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی گەرمیان هەڵمەتی وشیاری لە ناوەندەكانی خوێندن ئەنجامدەدات
27ی‌ ئازار/ مارس 2013 (گوڵان میدیا) لە پێناو كەمكردنەوەی توندوتیژی دژ بەرەگەزی مێینە و هاوكات بە مەبەستی بەرچاوڕوونی و وشیاركردنەوەی خوێندكاران لە یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2011 و هەروەها یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی، بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی گەرمیان هەڵمەتێكی وشیاری لە ناوەندەكانی خوێندن لە تەواوی سنووری گەرمیان ئەنجامدەدات.


بەرێوبەرەی بەرێوەبەرایەتیی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی گەرمیان، موقەدەمی یاسایی لەمیعە محەمەد، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: لە درێژەی كاروچالاكییەكانیان لە پێناو وشیاركردنەوەی تاكەكانی كۆمەڵگا و هەوڵدان بۆ كەمركردنەوە و نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ڕەگەزی مێینە، هەڵمەتێكی وشیارییان لە ناوەندەكانی خوێندن دەست پێكردووە كە ئامادەیی و پەیمانگا و زانكۆكانی سنووری گەرمیان دەگرێتەوە.

لەمیعە محەممەد، گوتی: دەستپێكی هەڵمەتەكە ئەمرۆ چوارشەممە 27/3، لە قوتابخانە ئامادەییەكانی شارەدێی رزگارییەوە دەستیپێكردووە و لە لایەن ستافێكی پسپۆر و شارەزا كە لە فەرمانبەران و كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی پێكهاتوون، یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2011 كە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی ناسراوە لە گەڵ یاسای قەدەغكردنی خراپ بە كارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی‌كردن بە تایبەتی ئامێری موبایل، بۆ قوتابیان رووندەكرێتەوە.

بەرێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە گەرمیان، ئاماژەشیدا: هەڵمەتەكە لە نێو ناوەندەكانی خوێندن و خوێندكاران گرنگییەكی بەرچاوی دەبێت، چونكە لە بارەی یاساكانی تایبەت بە توندوتیژییەوە وشیاردەكرێنەوە بۆ ئەوەی لە كاتی كێشە و گرفتەكانیان بەرچاو روونیان هەبێت ڕوو بكەنە لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ چارەسەری كێشەكانیان.

رونیشیكردەوە، هەرچەندە پێشتریش ئەو جۆرە هەڵمەتانەیان لە ناوەندەكانی خوێندن ئەنجامداوە، بەڵام خوێندكاران و قوتابیان بەپەرۆشەوە پێشوازییان لە هەڵمەتەكە كردووە و ئارەزوویەكی زۆریان هەیە بۆ فێربوون و پێدانی زانیاری لەبارەی یاساكانەوە و داواكاریشن ئەم جۆرە هەڵمەتانە بەردەوامی هەبێت.
Top