56 رێكخراوی نا حكوومی تۆمار كران

56 رێكخراوی نا حكوومی تۆمار كران
13ی‌ ئازار/ مارس 2013 (گوڵان میدیا)- شوان مه‌حموود جێگرى سه‌رۆكى فه‌رمانگه‌ى رێكخراوه‌ ناحكومیه‌كان له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: دواى راگه‌یاندنى فه‌رمانگه‌ى رێكخراوه‌ ناحكومیه‌كان و كردنه‌وه‌ى ده‌رگاى تۆماركردنى رێكخراوه‌كان، ناوى 56 رێكخراو راگه‌یه‌ندرا و تۆمارى كاركردنیان پێدرا، كه‌ له‌مه‌ودا به‌ گوێره‌ى یاساى تازه‌ كار ده‌كه‌ن.

هه‌روه‌ها گوتی: دواى كۆبونه‌وه‌كانمان له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كان له‌ هه‌ولێر و سلێمانى و دهۆك و پێداچونه‌وه‌ به‌ پاكێجى پرۆژه‌كان، ستراتجه‌كه‌ ئاماده‌ كرا له‌ رۆژی 14 ئه‌م مانگه‌ تا 4 ی نیسان وه‌ك واده‌یه‌ك ده‌ست نیشان كراوه‌ بۆ رێكخراوه‌كان پرۆژه‌كانی خۆیان پێشكه‌ش بكه‌ن، دواى هه‌ڵساندگاندن بۆ پرۆژه‌كان ئه‌نجامه‌كان راده‌گه‌یه‌ندرێت و بودجه‌یان بۆ خه‌رج ده‌كرێت، هاوكات ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ له‌ سه‌ره‌تاى مانگى ئایاری داهاتوو ده‌ست پێده‌كات و مینحه‌ى پێشوو به‌ رێكخراوه‌كان ده‌درا كه‌ 2 ملیۆن و500 هه‌زار دینار بوو ده‌برِێت و كار به‌ یاساى تازه‌ ده‌كرێت.
Top