عیماد ئەحمەد لەگەڵ خەڵكی خانەقین، یادی رزگاركردنی شارەكەو راپەڕینی كردەوە
دوێنێ عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆكی حكومەتی بەمەبەستی بەشداریكردن لەیادكردنەوەی راپەڕین و ئازادكردنی شارەكە، سەردانی خانەقینی كرد.
سەرەتا عیماد ئەحمەد فێستیڤاڵی ساڵانەی ئامادەیی پیشەسازی خانەقینی كردەوە، كەمامۆستایانو خوێندكارانی ئەو ئامادەییە رێكیان خستبوو. لەلایەكی تریشەوە جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم پێشانگایەكی فۆتۆگرافی كردەوە كەلەلایەن رێكخراوی ئازادی لاوانی كوردستانەوە سازكرابوو، كەگوزارشت بوو لەخەباتو خۆراگری هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
هەر لەسەردانەكەیدا بۆشاری خانەقین عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشداریكرد لەئاهەنگێكی جەماوەری كەلەلایەن مەڵبەندی 8ی رێكخستنی خانەقینی (ی.ن.ك)ەوە رێكخرابوو.
لەم مەراسیمەدا عیماد ئەحمەد لەوتەیەكیدا وێرای دەربرینی خۆشحاڵی خۆی بۆبەشداریكردن لەو ئاهەنگەدا، ئاماژەی بەگرنگی پێگەی شاری خانەقین كرد وەكو مەڵبەندی تێكۆشان و كوردایەتی لەمباریەوە وتی: ئەم شارە بەدرێژایی مێژوو پایەیەكی گرنگی هەبووە و هەمیشە جێگەی تەماعی داگیركەران بووە، بەڵام لەبەرامبەردا رۆڵەكانی ئەم شارە لەخەبات و فیداكاری درێغیان نەكردوە.
لەبەشێكی دیكەی ووتەكانیدا جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: وەك سەركردایەتی سیاسی كورد سورین لەسەر خەباتی سیاسی و مەدەنی لەعیراقی فیدراڵداو بەردەوامیش جەخت لەجێ بەجێكردنی برگەو ماددە دەستوریەكانی عیراق دەكەینەوە بەتایبەت ماددەی 140 بۆ گەڕانەوەی ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم بۆ باوەشی كوردستان.
هەر لەدرێژەی سەردانەكەیدا عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆشاری خانەقین تاجە گوڵینەی رێز وەفای لەسەر گڵگۆی پۆلێك شەهیدان دانا كەلەساڵی 1991 دوای دەستگیركردنیان لەلایەن رژێمی بەعسەوە گولە باران كران.
دواتر جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی لقی 15ی خانەقینی (پ.د.ك) كردو لەگەڵ كارگێرو ئەندامانی لق گفتوگۆی كرد لەبارەی سەركەوتنی ئەو كاندیدانەی لیستی برایەتیو پێكەوە ژیان كەسەرجەم لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بەژمارە 469 بەشداریان كردووە.
هەر وا عیماد ئەحمەد سەردانی چەند گەڕەكێكی شاری خانەقینی كردو لەگەڵ هاوڵاتیاندا یادی رزگاركردنی خانەقینی كردەوە لەنزیكەوە لەباروگوزەرانی خەڵكەكەی پرسی و تەئكیدی كردەوە كەحكومەتی هەرێم لەخزمەتكردنی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم درێغی نەكردوە، بەڵام ئاوڕدانەوەو خزمەتی زیاتریان بەئەركی خۆی دەزانێت، هەروا وتیشی حكومەتی خۆتان بەجیدی كار بۆ ئەوەدەكات كەلەرێگەی جێبەجێكردنی دەستورەوە ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە باوەشی نیشتمان و بەیەكجاری كێشە خزمەتگوزاری و ئەمنیەكانیشیان چارەسەر ببن.
