هەرێمی كوردستان 410 ملیۆن دۆلار بـــاجی شەڕی كوێت دەدات

 هەرێمی كوردستان 410 ملیۆن دۆلار بـــاجی شەڕی كوێت دەدات
6ی‌ ئازار/ مارس 2013 (گوڵان میدیا)- بە پێی پڕۆژەبودجەی ئەمساڵی عێراق، هەرێمی كوردستان دەبێت زیاتر لە 410 ملیۆن دۆلار لە داهاتی هەناردەكردنی نەوتەكەی بە كوەیت بدات.

ئەم پارەیە باجی شەڕێكە كە هەرێم تێیدا بەشدار نەبووە و بە بڕوای هەندێ لە پەرلەمانتاران دەبووایە لە قەرەبووی كەسوكاری ئەنفال و كیمیاباران خەرج كرابا.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی حەمید باڤی ڕەخنە لە دانانی ئەو ماددەیە لە بودجەدا دەگرێت و لەو بڕوایەدایە كە دەبووایە حكوومەت ئەم 410 ملیۆن دۆلارەی بۆ ناوچە وێرانەكانی ئەنفال و كیمباران تەرخان بكردبایە كە زۆرترین زیانیان بە هۆی سیاسەتەكانی بەعسەوە پێ گەییشتووە.

باڤی ئاماژە بەوە دەدات كە لە دانانی بودجەدا پێویستە ڕەچاوی ئەو ناوچانە بكرێت كە زیانی زۆریان بەر كەوتووە نەك پارەی ئەوان بۆ دانەوەی باجی شەڕێك بە كار بهێندرێت كە تێیدا بەشدار نەبوون.

هاوكات راوێژكاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دكتۆر سەلام سمێسم وێڕای ئاماژەدان بە زیانەكانی هەرێمی كوردستان بە دەست ڕژێمی پێشووەوە، دەڵێت \"لە جیاتی ئەوەی ئێستا هەرێم قەرەبوو بكرێتەوە، قەرەبووی پێ دەدرێتەوە.\""

سمێسم ئاشكرای دەكات كە نەك تەنیا هەرێم، بەڵكوو هەموو عێراق ساڵانە ملیاران دۆلار لە قەرەبووی شەڕی كوەیت دەدەنەوە. ئەو كە ئاماژە بە بارگرانیی قەرزەكان لەسەر بودجەی عێراق دەدات، دەڵێت \""هەق بوو كوەیت لەو پارانەی ماوە خۆش بێت، چونكە هەموو عێراقییەكان تاوانی كەسێك هەڵدەگرن كە ئێستا لە ژیانیشدا نەماوە.\""

قەرەبووكردنەوەی زیانەكانی شەڕی كوێت، 5%ـی داهاتی نەوتی عێراقی بە هەرێمی كوردستانیشەوە بۆ تەرخان كراوە. ئەمساڵ عێراق نزیكەی 5 ملیار دۆلار دەداتەوە.

هەرێمیش كە بە پێی پڕۆژەیاسای بودجە ئەمساڵ ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات، پێویستە 5%ـی داهاتی ئەو نەوتە واتە زیاتر لە 410 ملیۆن دۆلار بە كوەیت بدات.

لە ئەنجامی هێرشكردنە سەر كوێت لە لایەن سەددام حوسێنەوە لە 2ـی ئابی 1990، ئەنجوومەنی ئاساییشی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان چەندین بڕیاری ئیدانەكردن و پابەندكردنی بۆ عێراق دەركرد لە نێویاندا بڕیاری 687 كە عێراق پابەند دەكات رێژەی 5%ـی داهاتە نەوتییەكانی بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو شەڕە تەرخان بكات.

بە پێی بڕیاری لیژنەی قەرەبووكردنەوە، عێراق پێویستە 386 ملیار دۆلاری وەك قەرەبوو بە كوەیت بدات كە تا ئێستا 39 ملیار دۆلاری داوەتەوە."
Top