یەكەمین كۆنگرەی دادوەری هەرێم ئەنجامدەدرێت
دادوەر عەبدولباست فەرهادی سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی یەكەمی دادوەری بە PUKmedia ی راگەیاند: ئەو كۆنگرەیە تایبەتە بەڕەوشی دادوەری و دادگاكانی كوردستان و بارودۆخی ئێستای چۆنەو چۆن بەرەو پێشی ببەین، سەرجەم دادوەرانی هەرێم كە نزیكەی 220 دادوەر دەبن بانگهێشتدەكرێن بۆئەوەی ئامادەببن.
وتیشی: تائێستا چوار كۆبوونەوەی ئامادەكاری كۆنگرەمان ئەنجام داوەو رۆژی 3-3-2013 كۆبوونەوەی پێنجەم ئەنجامدەدەین، تا ئەوكاتە تەوەرەكانی كۆنگرەكە دیاری دەكەین و گشتاندنی دەكەین بەسەر هەموو دادگاكانی كوردستان و داواكاری گشتی و وەزارەتی داددا، هەروەها داوا لە مامۆستایانی زانكۆش دەكەین، ئەوانەی لێكۆڵینەوەیان هەیە لەسەر ئەو تەوارانەی لیژنەی ئامادەكاری دیارییان دەكات پێشكەشی بكەن و باسەكانیش لەلایەن چەند ئەندامێكی لیژنەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەكرێت، كۆنگرەكەش لەسەرەتای مانگی نیسانی داهاتوو لەشاری هەولێر ئەنجامدەدرێت و ماوەی سێ رۆژ بەردەوامدەبێت.
ناوبراو راشیگەیاند: ئەمە یەكەم كۆنگرەی رەسمیی دادوەرییە لەهەرێمی كوردستان ئەنجامدەدرێت، دەكرێت بڵێین لەسەر ئاستی عیراقیش یەكەم كۆنگرەی رەسمییە لە بواری دادوەریدا ئەنجامبدرێت، راستە كۆنگرەی تر ئەنجامدراون، لەوانە یەكێتی دادوەران كۆنگرەی ئەنجامداوەو دوو كۆنگرەی تریش ئەنجامدراون، بەڵام رێكخراوی یەكێتی دادوەران رێكخراوێكی (N.G.O) یە، ئەو كۆنگرەیەی ئێمە كۆنگرەیەكی رەسمییە كە دەسەڵاتی دادوەری ئەنجامی دەدات و باس لەڕەوشی سەربەخۆبوونی دەسەڵاتی دادوەری دەكات و ناساندنی دەسەڵاتی دادوەری وەكو دەسەڵاتێكی سەربەخۆ لەپاڵ دوو دەسەڵاتەكەی تر واتە (پەرلەمان و حكومەت).
عەبدولباست فەرهادی وتیشی: تائێستا چەمكێكی هەڵە هەیە لەناو خەڵكیدا و وادەزانن دادگاكان سەر بەوەزارەتی دادن، لەكاتێكدا وەزارەتی داد بەشێكە لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن (حكومەت)، بەڵام دادگاكان سەر بەدەسەڵاتی دادوەرین كە دەسەڵاتێكی سەربەخۆیە، نەك وەزارەتی داد، بۆیە لەو كۆنگرەیەدا تەئكید لەسەر سەربەخۆبوونی دەسەڵاتی دادوەری دەكەینەوە، بەجۆرێك هاووڵاتیان و دەسەڵاتەكانی تریش بیناسن كە سەربەخۆیەو كار لەسەر بەرەو پێشبردنی كاری دادگاكان دەكەین.
